رووداو دیجیتاڵ
دەستەی حەشدی شەعبی دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی، 16 کەسیان کوژراون و 36ی دیکەش برینداربوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئامادەیە هەر فەرمانێک جێبەجێ بکات کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەری بکات.
رۆژی 3ی شوباتی 2024، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بەهۆی هێرشە دووژمنکارییەکە"ی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانیان لە سنووری قەزای قائیمی رۆژئاوای عێراق، 16 کەسیان کوژراون و 36ی دیکە برینداربوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "گەڕان بەدوای ژمارەیەک تەرم بەردەوامە".
دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەم شوێنانە کردووە کە لە هێرشەکەدا کراونەتە ئامانج کە بریتین لە بارەگای گەڕۆکی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و کەتیبەکانی پاڵپشتی لیوای 13 ( 7 کوژراو و 7 بریندار )؛ بارەگای پشتیوانیی لۆجستی(بریندارێک)؛ پێگەی تۆپی دوورهاوێژ (کوژراوێک و 4 بریندار)؛ پێگەی چەکدارانی زرێپۆش ( 3 کوژرا و 10 بریندار)؛ پێگەی کەتیبەی تانک ( 4 بریندار)؛ دوو پێگەی سەر بە لیوای 45 ( 11 بریندار)؛ نەخۆشخانەی عیسام بەلداوی ( 5 کوژراو).
دەستەی حەشدی شەعبی دەڵێت، "هێرشەکەی ئەمریکا پێشێلکارییەکی روونی سەروەریی عێراقە کە کراوەتە سەر دەزگا ئەمنییە فەرمیەکان و ماڵی خەڵکی سڤیل. ئەو هێرشە پێشێلکردنی هەموو یاسا و نەریتێکی نێودەوڵەتیشە".
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاتووە، "حەشدی شەعبی ئامادەیە هەر فەرمانێکی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جێبەجێ بکات کە بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و یەکێتیی خاک و سەلامەتی خەڵکەکەی بیدات".
هێرشەکە نیوەشەوی رابردوو ئەنجامدرا و نیو کاژێری خایاند. فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، دەڵێت، "85 شوێن لەلایەن هێزەکانمان لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج و 125 مووشەک تەقێندراون. هێرشەکان بۆ سەر چەند ناوچە و دامەزراوەیەکی گرنگی گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ