رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەیاسای مافى بەدەستهێنانى زانیارى لە عێراق رێگە بە ئاشکراکردنى 13 جۆر زانیارى نادات بە پاساوى پاراستنى ئاسایشى نیشتیمانى.
سزاى بڵاوکردنەوەى هەندێک زانیاری دەگاتە ئاستى ساڵێک بەندکردن؛ بەرپرسی رێکخراوێک دەڵێت، پڕۆژەکە ئاسانکاریى بۆ شاردنەوەى زانیاری دەکات و درکارندنى قورس کردووە.
ئەو پڕۆژە یاسایە کە لە 18 مادە پێکهاتووە، لە لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى عێراقە، ئامادەکارى دەکرێت بۆ ئەوەى خوێندنەوەى دووەمى بۆ بکرێت، بەرلەوەی لە پەرلەمان دەنگى لەسەر بدرێت. ئەوەش دواى ئەوە لە 14ى کانوونى دووەمی ئەم ساڵ لە پەرلەمان خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا.
تۆمار، بەڵگەنامەى نووسراو، تۆمارکراوە ئەلیکترۆنییەکان، نەخشە و خشتە، وێنە و گرتەى ڤیدیۆیی و تۆمارى دەنگى، دیارترین ئەو زانیارییانەن کە لە پڕۆژەیاساکەدا دیاریکراون کە دەکرێت بەردەست بکەون.
پڕۆژە یاساکە 13 جۆر زانیاریی دەستنیشان کردووە کە نابێت بدرکێندرێن یان بڵاوبکرێنەوە، لەوانە زانیاریى هێزە چەکدارەکان، پەیوەندى و نامە گۆڕینەوە نێودەوڵەتییەکان، بەڵگەنامە نھێنییەکان، کۆنووسی کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنى وەزیران، لەگەڵ ئەو زانیارییانەى کاریگەرییان لەسەر رەوشى لێکۆڵینەوەکانى دادگە دەبێت.
رێوشوێنەکانى دەستکەوتنى زانیارى لەنێو پڕۆژەیاساکەدا، ئەگەر هەیە تاوەکو 22 رۆژ بخایێنێت، کە بە چەند رێکارێکى کارگێڕیدا تێدەپەڕێت و ئەگەرى رەتکردنەوەى داواکارییەکەش هەیە.
لەگەڵ ئەوەى لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى عێراق لەگەڵ رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و تایبەت بە کارى رۆژنامەڤانى پڕۆژەکەیان تاوتوێ کردووە، بەڵام هەندێک لەو رێکخراوانە تێبینییان لەسەر نێوەڕۆکەکەى هەیە.
رەحمان غەریب، رێکخەرى سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافى رۆژنامەنووسان کە لەو گفتووگۆیانەى سەر پڕۆژەیاساکە بەشدار بووە لە کاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق ئاماژەى بەوەدا کە ئەو تێبینیانەى پێشکێشیان کردوون، "لەرێگەى پڕۆژەیەکەوە لەبارەى پڕۆژەیاسای بەدەستهێنانى زانیارى، وەک خۆى جێگەى نەکراوەتەوە و تێبینى زۆرى لەسەرە و هەندێک خاڵى تێدایە بە ویستى ئەوان نەبووە وەک رێکخراوەکان."
بە گوتەى رەحمان غەریب، پڕۆژەیاساکە "شاردنەوەى زانیاریی ئاسان کردووە و وەرگرتنى قورس کردووە".
پڕۆژە یاساکە حەوت تاوانى داناوە کە هەر کەس بیکات سزا دەدرێت کە یان پێبژاردنە یان بەندکردنە کە لە ساڵێک زیاتر نەبێت، یەکێک لەو تاوانانە ئاشکراکردنى ئەو زانیارییانەیە کە ئەگەر هەیە درکاندنى زیانى بۆ ئاسایشی نەتەوەیی یان ئابوورى دەوڵەت هەبێت.
رەحمان غەریب دەڵێت، "فەرهەنگى شاردنەوەى زانیاری هەیە لە عێراق و دەوڵەت زانیارى قۆرخ کردووە و بە نھێنى لێى دەڕوانێت، لەسەر ئەم بنەمایەش دەڕوانێتە هەر یاسایەک کە لە پەرلەمان دەربکرێت و ئەم فەرهەنگە نەگۆڕاوە".
پڕۆژەیاساکە دەڵێت، فەرمانگەیەک لە کۆمیسیۆنى باڵاى مافى مرۆڤى عێراق دروست دەکرێت بە ناوى فەرمانگەى زانیارى، کە یەکێک لە ئەرکەکانى بەدواداچوونى سکاڵاکانە لەبارەى رێگرى لە دەستکەوتنى زانیارى دەبێت.
ئەوە لەکاتێکایە، کۆمیسیۆنەکە لە ساڵى 2021ـەوە سڕکراوە و زیاتر لە ساڵێکە 500 سی ڤى لەلایەن لیژنەیەکى پەرلەمانەوە وەرگیراون بۆ دیاریکردنى 15 کەس بۆ ئەندامانى ئەنجوومەنەکەى، بەڵام نە ئەو ئەندامانە هەڵبژێرداون نە کۆمیسیۆنەکە کارا کراوەتەوە.
عەلى بەیاتى، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى رێکخراوى بەرگریکارانى مافى مرۆڤ، لە بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق، بوونى یاساکەى پێ گرنگە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە کێشەکە لە ئاستى پابەندبوونى دامەزراوەکانە بەو یاسایەوە.
عەلى بەیاتى دەڵێت: "دامەزراوەکان پەیوەست نین بە یاساکانەوە و دامەزراوەیەکیش نییە کە لێپێچێنەوەیان لەگەڵدا بکات ئەگەر یاساکانیان جێبەجێنەکرد. مادەکانى ئەو یاسایانە دیلى میزاج و ئیرادەى سیاسیین کە رێگرییان لێدەکات لەوەی رۆڵى خۆیان بگێڕن لەو پرسانەى زیان بە چینى سیاسیى دەگەیێنن".
یاساکە 13 زانیاریی دیاریکردووە کە دەبێت دامەزراوەکانى دەوڵەت بیاندرکێنن، لەوانە پێکهاتەى رێکخستن و پەیڕەوى نێوخۆی فەرمانگەکان، ژمارەى فەرمانبەران، ئەرکى بەڕێوەبەرانى گشتى و پۆستەکانى سەرووتر، رێوشوێنەکانى تایبەت بە کارەکانیان و ئەو خزمەتگوزارییانەى پێشکێشى دەکەن، راپۆرتى ساڵانەى چالاکی و بودجە و ژمێرەى کۆتایی، موڵکە گواستراوەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ