رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی ئوم خەشم لە پارێزگای نەجەف ژمارەیەکی زۆر گامێش و مانگا بەخێودەکرێن. دانیشتووانەکەی بژێوی سەرەکییان لەسەر بەخێوکردنی گامێشە.
ئیسرا سەلیم، سەرۆکی بەشی بەرهەمی ئاژەڵی لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی نەجەف، دەڵێت: "ئەم ناوچەیە بەوە جیادەکرێتەوە کە سامانێکی ئاژەڵی زۆری گامێش و مانگای هەیە کە 18 هەزار بۆ 20 هەزار سەر گامێش و 6 هەزار مانگای شیردەری هەیە؛ رۆژانە شیرەکەیان 6 هەزار لیترە کە لە ناوچەکانی دیکە ساخ دەکرێتەوە."
گوندەکە دەکەوێتە سەر رووباری فورات، بەرهەمی وەک قەیماخ و پەنیر هەناردەی ناوچەکانی دیکە دەکەن، ئەمە وێڕای گۆشتەکەی.
بۆ پاراستن و پەرەپێدانی سامانی ئاژەڵی ناوچەکە، ڤێتێرنەری نەجەف دەڵێت، گرنگییەکی تایبەت بەو ناوچەیە دەدەن و چاودێریی ئاژەڵەکان دەکەن و رێنمایی دەدەنە ئاژەڵداران.
دکتۆر میقداد فازل، بەرپرسی کلینیکی ڤێتێرنەرییە لە مەنازیرە و دەڵێت، "رۆڵی کلینیکی ڤێتێرنەری چڕدەبێتەوە لە هەڵمەتەکانی کوتانی خۆپارێزی، گرنگترینیان تایبەتە بە خوێنبەربوون و جۆرەکانی دیکەی نەخۆشی. ڤاکسینەکان بێ بەرامبەر لە ناوچەکەدا دابەشدەکرێن. هەروەها لە کلینیکەکەدا دەرمانیش دابین دەکرێت. تیمەکانمان ناو بە ناو هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە بەڕێوەدەبەن، لە کاتێکدا خوا نەخواستە ئەگەر لە شوێنێکدا پەتا یان هەندێک نەخۆشی بڵاوبووەوە، ئەوا کلینیکەکەیان چارەسەریان دەکەن."
گوندی ئوم خەشم نزیکەی 20 کم لە ناوەندی پارێزگای نەجەف دوورە؛ دانیشتوانەکەی نزیکەی 2 هەزار ماڵ دەبن.
تەها حەسەن، خاوەن گامێشە و باس لەوە دەکات، "ئێمە کارمان بەخێوکردنی گامێشە، هەندێک کات پووش و هەندێک جاریش ئالیکیان پێدەدەین لە بەیانییەوە تاوەکو عەسر کار لەسەر ئاژەڵ و بەرهەمی ئاژەڵی دەکەین. کشتوکاڵی نەجەف ناوە ناوە سەردانمان دەکات، پرسیارمان لێدەکەن پێویستمان بەچییە؟ ڤێتێرنەری ماوە ماوە لە نێوان مانگ بۆ مانگێک ڤاکسین لە ئاژەڵەکان دەدات."
لە بنەڕەتدا دانیشتوانی گوندەکە خەڵکی پارێزگای بەسرەن و لەو ناوچەیە گیرساونەتەوە. وێڕای دەوڵەمەندیی بە سامانی ئاژەڵ، هاوکات ناوچەیەکی شوێنەوارییەشە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی دەوڵەتی مەنازیرەکان دەگەڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ