لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکرا

03-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆتاییهات و باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکرا.
 
کەمێک لەمەوبەر کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆتایی هات.
 
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکرا".
 
تەنیا چەند رۆژێکی کەمی بۆ جەژنی قوربان ماوە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئایاریان وەرنەگرتووە. 
 
ئەو بابەتە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش باسکرا. 
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "محەممەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا گوتی، هیچ بەڵێنێک نادات پێش جەژن مووچەی مانگی ئایار بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێ."
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی: "محەممەد شیاع سوودانی گوتی، یەک رێگە هەیە بۆ ناردنی مووچە، ئەویش ئەگەر دادگەی فیدراڵی عێراق بڕیار بدات کە دەبێ مووچە بنێردرێ، ئەگەرنا ناتوانم بەڵێن بدەم پێش جەژن مووچە دەنێردرێ."
 
28ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، هەرێمی کوردستان رێژەی 12.7%ـی پشکەکەی لە یاسای بودجەی گشتی تێپەڕاندووە کە 13.5 تریلیۆن دینارە و "ناتوانن" پارەی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن.
 
رۆژی دواتر وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان وەڵامێکی بە زمانی عەرەبی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و تەیف سامی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "ئەو رێڕەوەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتییەبەر لە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستووری عێراقە؛ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت پشت بە داهاتە فیدراڵییە کۆکراوەکان ببەستێت نەک خەرجی کردەیی".
 
وەزارەتی دارایی گوتی، ئەو رێکارەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتییە بەر لەبارەی دەستنیشانکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە خەرجیی کردەیی، پێچەوانەی بڕگەی سێیەمی مادەی 121ـی دەستووری عێراقە. لە دەقی ئەم مادەیەدا دەڵێت: "لە داهاتە فیدراڵییەکاندا داهاتی دادپەروەرانە بۆ هەرێمەکان و پارێزگاکان تەرخان دەکرێت بەشی پێداویستی و بەرپرسیارێتییەکانی بکات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە