فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە: بە هەوڵی ئێمە 25 کۆچبەری دیکەی کورد لە لیبیا ئازادکران و دەگەڕێنرێنەوە

03-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە هەوڵە بەردەوامەکانیان، 25 کۆچبەری دیکەی کورد لە لیبیا ئازادکراون و 10ـی ئەیلوول دەگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
 
عەبدولخالق محەممەد، بەڕێوەبەری پەیوەندی و راگەیاندن لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە هەوڵی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، 25 کۆچبەری دیکەی کورد لە لیبیا ئازاد دەکرێن و دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان."
 
عەبدولخالق محەممەد روونیکردەوە، هاوئاهەنگیی لە نێوان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا کراوە بۆ ئازادکردن و گەڕانەوەی ئەو گەنجانە. ئاماژەی بەوەشکرد، گەنجەکان راستەوخۆ لەگەڵ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، قسەیان کردووە و سوپاسی بەرپرسی فەرمانگە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە کە لە خەمیان بوون و ئازادیان کردوون.
 
هاوکات فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی سەبارەت بە چارەنووسی گەنجە ئازادکراوەکان بڵاوکردووتەوە کە تێیدا هاتووە، بڕیارە لە رۆژى 10ى ئەم مانگەدا بگەڕێندرێنەوە هەرێمى کوردستان.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لە مانگى ئابیشدا بە هاوئاهەنگیی نێوان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، توانراوە 6 گەنج لە بەندیخانەکانی ئەو وڵاتە ئازاد بکرێن و بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
 
سەبارەت بە میکانیزمی گەڕاندنەوەیان، بەڕێوەبەری پەیوەندی و راگەیاندن لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: " ئێمە تیکتی گەڕانەوەیان بۆ دابین دەکەین، گرفتی سەرەکی بۆ گەڕانەوەی ئەم گەنجانە نەبوونی پاسپۆرتە، چونکە قاچاخچییەکان هەر زوو پاسپۆرتەکانیان لێدەستێنن تا نەتوانن بگەڕێنەوە. بەڵام ئێمە توانیمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لەو وڵاتە پاسپۆرتی پەڕینەوەیان بۆ دابین بکەین و تیکتی فڕۆکەش یان بۆ دابین دەکرێت و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکات".
 
د. موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو 25 گەنجەی لیبیا زۆربەیان خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن و بەنیازبوون لە رێگەی لیبیاوە بە قاچاخ بەرەو ئەورووپا کۆچ بکەن، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانی لیبیاوە دەستگیرکراون.
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ گەڕانەوەی گەنجەکان لە هەوڵەکانیان بەردەوامن و بڕیارە رۆژی 9ـی ئەم مانگە بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش تێچووی بلیتی گەڕانەوەیان لەئەستۆ دەگرێت.
 
هەر لەوبارەوە، ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رێکارەکانی گەڕانەوەی 25 گەنجی هەرێمی کوردستان لە لیبیاوە تەواو کراون و بڕیارە بەمزووانە بگەڕێندرێنەوە. بە گوتەی سەحاف، دەسەڵاتدارانی لیبیا هاوئاهەنگیی تەواویان لەم بارەیەوە کردووە.
 
د. موسەننا ئەمین گوتیشی، کاژێر 03:30ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، سێ گەنجی دیکەی کورد لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەگەنەوە هەرێمی کوردستان. ئەو سێ گەنجە ماوەی نزیکەی 8 مانگ بوو لە بیلاڕووس دەستبەسەر بوون و بەنیازبوون لە رێگەی ئەو وڵاتەوە خۆیان بگەیێننە وڵاتانی رۆژئاوای ئەورووپا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە