رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى وەزاریى ئابووریى عێراق بڕیاریدا تاوەکو پێنج ساڵى دیکە مۆڵەت نەدرێتە هیچ ئاشێک و لیژنەیەکیش بۆ وردبینى، لێکۆڵینەوە لەو ئاشانە بکات کە پێشتر مۆڵەتیان پێدراوە.
فوئاد حوسێن، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق سەرۆکایەتى کۆبوونەوەیەکى ئەو ئەنجوومەنەى کردووە و چەند بڕیارێکى دەرکردووە. یەکێک لە بڕیارەکانى ئەوکۆبوونەوەیە راگرتنى مۆڵەتە بە ئاشى نوێ بۆ ماوەى پێنج ساڵ. بڕیارەکەش لە رۆژى دەرچوونییەوە کە 2-10-2023یە جێبەجێ دەکرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بازرگانیی عێراق وەری گرتوون، هۆکارى ئەو بڕیارە، زۆرى ژمارەى ئاشەکانە لە عێراق.
ئەنجوومەنى وەزاری ئابووریى عێراق بڕیاریشیداوە لیژنەیەکى هاوبەش لەنێوان وەزارەتەکانى پیشەسازى و بازرگانى پێکبهێندرێت بۆ ئەوەى وردبینی بکات لەو مۆڵەتانەى کە پێشتر لەلایەن وەزارەتى بازرگانییەوە دراون بۆ دروستکردنی ئاش، بۆ ئەوەى دڵنیا بن کە دەست بە دروستکردنیان کراوە.
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى بازرگانیى عێراق، 284 ئاشى تایبەت لەعێراق هەن کە لە چوارچێوەى کۆبۆنى خۆراک کاردەکەن بۆ ئەوەى گەنم بکەن بە ئارد بۆ بەشە ئاردى مانگانە، ئەوە جگە لە 14 ئاشتى حکومى کە سەر بە کۆمپانیاى گشتیی پیشەسازیى دانەوێڵەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ