رووداو دیجیتاڵ
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا داوا دەکات کێبڕکێیەکی ئەرێنی دوور لە لەکەدارکردن و دڕاندنی پۆستەرەکان بەڕێوەبچێت. هەروەها هەڵبژاردنێکی بێگەرد بکرێت و کەس دەنگی خۆی نەفرۆشێت.
ئەو پەیامەی نووری مالیکی هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ 3ی تشرینی یەکەمی 2025 دەستیپێکرد.
نووری مالیکی داوای لە لیست و بەربژێرەکان کرد، پابەندی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بن.
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تاوەکو 8ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت، کە رۆژێک بەر لە دەنگدانی تایبەت و سێ رۆژ بەر لە دەنگدانی گشتییە، کە لە 11ی ئەو مانگە بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا داوای لە هەموومان کرد پارێزگاری لە پاکی و بێگەردی هەڵبژاردن بکەن و موڵک و ماڵ و توانای دەوڵەت بەکارنەهێنن.
7768 بەربژێر لە چوارچێوەی 31 هاوپەیمانی و 38 پارت رکابەری هەڵبژاردن دەکەن، 23یان بەربژێری سەربەخۆ و 56 بەربژێری کۆتاکانن.
نووری مالیکی داوای لە هاووڵاتیان کرد بەشداری هەڵبژاردن بکەن و هیچ کەسێک دەنگ یان کارتی دەنگدانی نەفرۆشێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ