رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بۆ کەسێک دەرکرد، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی بۆ حیزبی بەعس دەکرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دادگەکە، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەدا دەست بەسەر ژمارەیەک بڵاوکراوەیدا گیراون کە بانگەشەی بۆ چالاکییەکانی حیزبی بەعسی قەدەخەکراو تێدابووە لە پارێزگای بەغدا.
سزای زیندانیکردنەکە بەپێی مادەی 9ی یاسای ژمارە 32ی ساڵی 2016 دەرکراوە، کە تایبەتە بە قەدەخەکردنی حیزبی بەعس و پارت و چالاکییە رەگەزپەرستی، تیرۆرستی و تەکفیرییەکان.
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەندامان و ئەو کەسانەی پروپاگەندە بۆ حیزبی بەعس دەکەن، بە بڕیاری دادوەر و لە 14 پارێزگای عێراق جێبەجێ کراوە "
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاشکرای کرد، ئەم ساڵ، 135 کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون یان پروپاگەندەکردن بۆ حزبی بەعس لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەستگیرکراون.
ئەرشەد حاکم، داوای لە هاووڵاتییان کرد "هەر زانیاری یان حاڵەتێکی گوماناوییان تێبینی کرد" پەیوەندی بە هێڵی گەرمی خۆڕایی131 یان پەرەی فەرمی دەزگاکە بکەن و دڵنیایی دا "هەموو زانیارییەکان بە نهێنی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ