رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە. سکاڵاکە لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی لیستی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمار کراوە، داوا دەکەن پێنج مادەی یاساکە بە نادەستووری دابنێت. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "چاوەڕوانین دادگەکە لە بەرژەوەندیی سکاڵاکەی ئێمە و گەلی کوردستان بڕیاری کۆتایی بدات."
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 03-12-2023 دادگەکە بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵایەک، کە پێشتر دوو سکاڵا بوون و یەکخراون لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەموارکراو، کۆببێتەوە.
سکاڵاکە ژمارە 83ی فیدراڵی /2023ـی هەیە و لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خوولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمار کراوە؛ تێیدا سکاڵاکاران داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە.
سکاڵاکان پەیوەندییان بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە.
رۆژی یەکشەممە 03-11-2023 زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی سکاڵاکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سکاڵاکەمان هەموو لایەنەکانی تاوتوێ کراوە و هەموو بەڵگەنامەکان وەرگیران. چاوەڕوانین ئەمڕۆ دادگە بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدات، بەڵام ئەگەری دواخستنی بڕیاردانیش هەیە، چونکە ئیدی دادگەیە و رەنگە شتێک بێتە پێشەوە یان شتێکی نوێ بێتە نێو کەیسەکەوە، بەڵام بەگشتی چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایین."
زیاد جەبار گوتیشی، "چاوەڕوانین دادگە بڕیار لە بەرژەوەندیی ئێمە و خەڵکی کوردستان بدات و ئەو مادانە بە نادەستووری بزانێت کە سکاڵامان لەبارەیانەوە کردووە؛ بۆیە هەنگاوی دواتر ئەوەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە یاسای پێشتر بکرێت، واتە ئەو مادانەی کە ئێمە سکاڵامان لەبارەیانەوە کردووە جێگەیان بکرێتەوە، چونکە سکاڵاکەی ئێمە لەسەر چەند مادەیەکە و لەسەر هەموو یاساکە نییە."
ئەو مادانەی لە یاسای هەڵبژاردن کە سکاڵاکەیان لەسەر تۆمارکراوە:
مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک بازنەی دەنگدان دادەنرێت.
مادەی پانزەیەم: بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار بە ناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن، بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.
مادەی بیست و دوو: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان مافی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت 30٪ کەمتر نەبێت.
مادەی 36:
یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێت؛ بەربژێرەکانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخان دەکرێن؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەکرێت؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
رۆژی 30ـی ئایاری 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستووری دانا و رایگەیاند، بەگوێرەی بڕیارەکە، هەموو ئەو بڕیارانەی لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە دراون (واتە دوای 6ـی 11ـی 2022)، بە پووچەڵ دەژمێردرێن، لەنێویاندا شەش یاسا و بڕیاری ژمارە 10ـی پەرلەمان، کە بەپێی بڕیارەکە، پارتی دەیگوت کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، یەکێتیش رەتیکردەوە و ناکۆکی لەنێوان هەردوولادا دروستکرد.
لە کۆبوونەوەی رۆژی 9-10-2022ـی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ 31-12-2023 درێژکرایەوە، لە کاتێکدا 6-11-2022 تەمەنی خولەکە کۆتایی دەهات.
رۆژی 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دیاریکردنی 25ی شوباتی 2024 وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ