کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: سێشەممە دوایین تاقیکردنەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەین

03-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە 05-12-2023 دوایین تاقیکردنەوە بۆ ئاگاداربوون لە ئامادەبوونی کارمەندان و ئامێرەکانیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن؛ دەشڵێت، "دیارترین بابەت لەو تێستە کە یەکلایی دەکرێتەوە، ئەو کاتەیە کە گواستنەوەی زانیارییەکان لە بنکەکانی دەنگدانەوە بۆ سەنتەری نیشتمانی پێی دەچێت."
 
رۆژی یەکشەممە 03-12-2023 عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە 05-12-2023 چوارەم و دوایین تاقیکردنەوەی کۆمیسیۆن، کارمەندان و ئامێرەکان دەکرێت بۆ خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە 18ی ئەم مانگە لە 15 پارێزگای عێراق، بەبێ هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبچێت."
 
عیماد جەمیل گوتی، "تاقیکردنەوەکە زۆر گرنگە و وا نیشانی دەدەین کە رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەبێت. هەموو تاقیکردنەوەکە بە وردی و بە ئامادەکاریی تەواو دەبێت. دیارترین بابەت کە دەمانەوێت جەختی لەسەر بکەینەوە ئەو کاتەیە کە ئامێرەکان پێیان دەچێت بۆ ناردنی زانیارییەکان لە بنکەکانی دەنگدانەوە بۆ سەنتەری نیشتمانی لە بەغدا."
 
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق باسی ئەوەشی کرد، "لە سەرجەم بنکەکانی دەنگدان کە 35 هەزار و 560 بنکەی دەنگدانن، تاقیکردنەوەکە دەکرێت، چونکە دەبێت لە رۆژی دەنگداندا لە ماوەی شەش کاژێردا سەرجەم زانیارییەکان لە بنکەکانی دەنگدانەوە بگەنە سێرڤەرەکان، بەو پێیەی ئێمە پابەندین بەوەی لە ماوەی 24 کاژێر دوای داخستنی سندووقەکانی دەنگدان، ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رابگەیێنین."
 
عیماد جەمیل گوتیشی، تاقیکردنەوەکە سەرجەم خاڵە لاواز و کێشەکانیان بۆ دەستنیشان دەکات و ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵ دەدەن بۆ رۆژی هەڵبژاردن هیچ کێشەیەک نەبێت.
 
بڕیارە لە رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سێ تاقیکردنەوەی خۆی و کارمەندانی و ئامێرەکانی کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە