هاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکووک: پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی لەگەڵ پارتی و تورکمان نزیکترین بژاردەیە

04-01-2024
شیراز رەئوف
رەعد ساڵح جبووری، بەرپرسی نووسینگەی جەماوەریی ئەنجوومەنی عەرەبی یەکگرتوو لە کەرکووک
رەعد ساڵح جبووری، بەرپرسی نووسینگەی جەماوەریی ئەنجوومەنی عەرەبی یەکگرتوو لە کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی نووسینگەی جەماوەریی ئەنجوومەنی عەرەبی یەکگرتوو لە کەرکووک دەڵێت، هاوپەیمانێتی عەرەبی یەکگرتوو و پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی زۆر نزیکن لە یەکدی و یەکێک لە بژاردەکان هاوپەیمانێتی ئەو سێ لایەنەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی و دانانی پارێزگاری کەرکووک، کە بە هەرسێ لایەنەکە خاوەنی 10 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگەن و زۆرینەن.
 
رەعد ساڵح جبووری، بەرپرسی نووسینگەی جەماوەریی ئەنجوومەنی عەرەبی یەکگرتوو لە کەرکووک کە هاوکات یەکێکە لە بەربژێرە سەرکەوتووەکانی هاوپەیمانێتی تەقەدووم بۆ ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، سەرکردایەتی هاوپەیمانێتییەکەی ئەوان و پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی تێڕوانین و بۆچوونەکانیان نزیکن لە پەرلەمان و لەناو هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا هاوئاهەنگی و کاری پێکەوەییان هەیە، ئەوەش رەنگدانەوەی لەسەر ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەبێت.
 
 
"هاوپەیمانێتی بەرفراوان"
 
بەرپرسی نووسینگەی جەماوەریی ئەنجوومەنی عەرەبی یەکگرتوو لە کەرکووک دەڵێت، ئێمە وەکو هاوپەیمانی عەرەبی بووین بە یەک فراکسیۆن لەناو ئەنجوومەندا، بەڵام مێزی گفتوگۆ کراوەیە بۆ هەمووان، چونکە کەرکووک پێویستی بەوەیە لە قۆناخی داهاتوودا هەموو لایەنەکان بەشداربن لە بونیادنانەوەی ئەم شارە.
 
گوتیشی، ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانی گفتوگۆین لەگەڵ هەموو لایەنەکان و دەرگامان بۆ هەمووان کراوەیە، گفتوگۆ و دانوستاندنمان کراوەیە بۆ هەموو لایەنە عەرەبی و کوردی و تورکمانییەکان و دەتوانرێت هاوپەیمانێتییەکی گەورەتر لەناو ئەنجوومەنی پارێزگە دروستبکرێت کە پێکهاتەکانی عەرەب و کورد و تورکمانی تێدابن بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی و بونیادنان و دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک بەبێ پشتگوێخستنی هیچ پێکهاتەیەک.
 
"پارێزگارێکی عەرەب"
 
لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووکیش، رەعد ساڵح جبووری پێیوایە ئەو پۆستە و پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگە بەرکەوتەی کورد و عەرەبن و هاوپەیمانی عەرەبی سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار.
 
رەعد ساڵح جبووری گوتی، "پارێزگارێکی عەرەب لە ساڵی 2017 تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو بووە و هیچ پێکهاتەیەکی وەلانەناوە، خزمەتی هەمووانی کردووە". ئاماژەی بەوەشکرد، دوو پۆستە باڵاکە کە پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگەن بە دڵنیاییەوە یەکێکیان بۆ عەرەب و یەکێکیان بۆ کورد دەبێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێت پارێزگار لە پێکهاتەی عەرەب بێت.
 
ئەو بەربژێرە سەرکەوتووەی هاوپەیمانی عەرەبی ئاشکراشی دەکات، جگە لە راکان جبوری، ئەنجومەنی عەرەبی چەند ناوێکی دیکەش بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار تاوتوێ دەکات و تاوەکو ئێستا هیچ بەربژێرێک یەکلایی نەکراوەتەوە.
 
بە گوتەی رەعد ساڵح جبووری، "راکان جبووری یەكێکە لە ناوە پێشنیازکراوەکان، بەڵام ناوی کەسانی دیکەش پێشنیازکراون بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، ئەوەش بە رێککەوتنی هەمووان دەبێت لەنێوان هەموو پێکهاتەکان چونکە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگە لە هەموو پێکهاتەکانن."
 
"هاوپەیمانێتی پارتی – عەرەبی – تورکمان"
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لەبارەی سیناریۆکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک و دانانی پارێزگار، بەرپرسەکەی هاوپەیمانی عەرەبی دەڵێت، نزیکترین بژاردە هاوپەیمانی هاوپەیمانی عەرەبی و پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانییە.
 
زیاتر روونی دەکاتەوە و دەڵێت، "لەگەڵ بەرەی تورکمانی زۆر نزیکین و هاوپەیمانێتییەکی ستراتیژیی پێشترمان هەیە و ئێستاش زۆر نزیکین لە رێککەوتن بە رێژەی لەسەدا 80 و لەسەدا 90 و گفتوگۆکانمان بەردەوامن".
 
لەبارەی نزیکیشیان لە پارتی دیموکراتی کوردستان جبووری دەڵێت، سەرکردایەتی هاوپەیمانێتییەکەمان نزیکترن لە سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک لە لایەنەکانی دیکە، هاوکات لە پەرلەمان لەسەر یەک هێڵ بووین و لە هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیشدا پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ حیزبە عەرەبییە سونییەکان و تورکمان لە یەک بەرە بوون ئەم نزیکییە لە پەرلەمان رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ئەنجوومەنی پارێزگەکان.
 
کاتێک پێشکێشکاری رووداوی ئەمڕۆ لێی پرسی ئایا دەکرێت ئەم نزیکییەی نێوان هاوپەیمانی عەرەبی و پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی ببێتە هۆی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی و دانانی پارێزگاری کەرکووک بەبێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؟ جبووری لە وەڵامدا گوتی، "ئەو بژاردەیە هەیە و پێموایە نزیکترین بژاردەشە لە جێبەجێکردن."
 
گوتیشی، "ئێمە دژی پەراوێزخستنی هەر پێکهاتە و حیزبێکین لە ئیدارەدانی کەرکووکدا، چونکە ئەوە دەبێتە بەربەست لەبەردەم گەشانەوەی شارەکە و دەبێتە بەربەست لەبەردەم بەڕێوەبردن و ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیریی ئاسایشدا و هیواخوازین هیچ پێکهاتە و حیزبێک پەراوێزنەخرێن و هەمووان ئەوەیان دەستبکەوێت کە شایستەیانە."
 
رۆژی 18 کانوونی یەکەمی 2023 دوای 18 ساڵ لە پەکخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک بەڕێوەچوو، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 5 کورسی و پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسییان لەکۆی 16 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگەکە بەدەستهێنا، هاوکات لایەنە عەرەبییەکان کە بە 3 لیست و هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردبوو 6 کورسییان بەدەستهێنا و دواتر هاوپەیمانێتییەکیان راگەیاند بەناوی هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانیش 2 کورسی بەدەستهێناوە.
 
بەپێی ئەنجامەکان، ئەمجارە هیچ پێکهاتەیەک بێ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ پێکهاتەیەکی دیکە، ناتوانێت پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا دیاری بکات و لە ئێستاشدا هەمووان چاوەڕوانی یەکلایی بوونەوەی تانەکانی هەڵبژاردن و پەسندکردنی ناوی بەربژێرەکانن بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا و دەستپێکردنی دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە