رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راوێژکارێکی پارێزگاری سەلاحەدین، بەربژێر بۆ پۆستی پارێزگار و دوو جێگرەکەی دیاریکراون، کورد کە لەو پارێزگایە یەک کورسی هەیە تاوەکو ئێستا بۆ هیچ کام لەو پۆستانە بەربژێر نەکراوە
رۆژی 4ـی شوباتی 2024، کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین بۆ کاروباری ئەمنی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین کۆدەبێتەوە، د.ئەحمەد جبووری "ئەبو مازن" ئەندامی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی پارتی جەماوەر بەربژێرە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار. هەروەها تارق فەهد لە پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی بۆ جێگری یەکەمی پارێزگار. کامل عەباسی لە هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەرائی بۆ جێگری دووەمی پارێزگار بەربژێرن.
بە گوتەی راوێژکارەکەی پارێزگاری سەلاحەدین، عادل سومێدەعی لە هاوپەیمانیی حەسم لە حیزبی ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی عەمار یوسف، بەربژێرە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، هەروەها محەممەد حەسەن عەتییە بۆ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە هاوپەیمانیی سەروەری بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر.
سەبارەت بە پشکی کورد لە ئەنجوومەنەکەدا کە یەک نوێنەری هەیە، کاوە شێخانی گوتی، تائێستا ناوی کورد نە لە پۆستی جێگری پارێزگار نە لە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەندا نییە.
رۆژی پێنجشەممە،01ـی شوباتی 2024، یاسین محەممەد عەلی جومعە، تاکە نوێنەری کورد و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەکێتی رێککەوتنی لەگەڵ لیستی پارتی جەماوەریی بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد جبووری "ئەبو مازن" هەیە، کۆمەڵێک داواکاریی پێشکێشکردووە. رێککەوتنەکەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی کوردی پارێزگاکەیە و بۆ وەرگرتنی شایستەی خۆیانە."
نوێنەرەکەی کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین دەڵێت، لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان گفتوگۆی سەرەتایی هەیە و لە دانوستاندن داوای پۆستی ئیداریان کردووە لە حکومەتی سەلاحەدین، مافی خۆیانە پۆستی جێگری یەکەم، یان دووەمی پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتییان هەبێت.
یاسین محەممەدعەلی گوتی، "ئەگەر پۆستی جێگری پارێزگاریش نەبێت، ئەوا دوو بۆ سێ پۆستی بەڕێوەری گشتی هەن لە سەلاحەددین گرنگن وەک وەبەرهێنان، پەروەردە و تەندروستی، ئەمانە خزمەتگوزاریی بە دانیشتووان دەگەیێنێت، بەرژەوەندی گشتییە و سوودی بۆ کورد دەبێت لەگەڵ ژمارەیەک پۆستی جێگری بەڕێوەبەری گشتی."
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە 15 ئەندام پێکهاتووە، تەنیا یەک ئەندامی کوردە ئەویش یاسین محەممەد عەلی جومعەیە و نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ