چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەنجامی سەردانی شاندەکەی بۆ هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ، چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆببێتەوە و پرسی بەربژێری سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق تاوتوێ بکات.
 
ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادی عامری و روقیە نووری، ئەندامی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆببێتەوە و پرسی بەربژێری سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنجامی سەردانی شاندەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ هەولێر و سلێمانی تاوتوێ بکات.
 
رۆژی یەکشەممە، شاندێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی و ئەندامێتی هەریەک لە هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر؛ موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی و عەباس رازی، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر پرسی بەربژێرانی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە. 
 
تاوەکو ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ناکۆکن. پارتی، فوئاد حوسێن و یەکێتی، نزار ئامێدیی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە.
 
عەلی سابیر کینانی، ئەندامی فراکسیۆنی ئەبشیر یا عێراق لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا ئەنجامی سەردانی شاندەکە بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو پێشنیازانەی لە کۆبوونەوەکاندا باسکراون تاوتوێ دەکرێن.
 
نووری مالیکی، رۆژی سێشەممە، 3ـی شوباتی 2026، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی شەرقییە، سەبارەت بە پرسی بەربژێربوونی بۆ سەرۆکوەزیران لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئەگەری گۆڕینیشی گوتی: "رێز لە جیاوازیی بۆچوونەکان دەگرم. ئەگەر دوو لەسەر سێی لایەنەکان بڕیاری گۆڕینی من بدەن، بڕیارەکە قبووڵ دەکەم."
  
لەبارەی توویتەکەی رۆژی سێشەممەی رابردووی دۆناڵد ترەمپ، مالیکی رایگەیاند: "توویتەکە لەسەر بنەمای زانیاریی چەواشەکارانە بووە؛" گوتیشی: "زانیاریمان لە نزیک ناوەندی بڕیاری ئەمریکاوە پێگەیشتووە کە ئەوانیش سەرسامن بەو توویتەی ترەمپ."
 
نووری مالیکی گوتی: "عێراق رووبەڕووی هیچ سزایەک نابێتەوە، ئەگەر حکومەت پێکبهێنم؛" راشیگەیاند، هیچ کەناڵێکی پەیوەندیی فەرمی لەگەڵ ترەمپ نییە و ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا داوای لێ نەکردووە لە بەربژێربوون بکشێتەوە.
 
مالیکی هەروەها گوتی، مەرجەعیەتی ئایینی پیرۆزبایی لە رێککەوتنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردووە و جەختیکردەوە، قۆناخی داهاتوو پێویستی بە کرانەوەیە، نەک دابڕان و کێشە لەگەڵ هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتی و هەرێمی.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 27ی کانوونی دووەمی 2026 لە پەیامێکی تووند دا هۆشداریی دا کە ئەگەر نووری مالیکی ببێتەوە سەرۆکوەزیران، واشنتن چی دیکە هاوکاریی عێراق ناکات.
 
ترەمپ نووسیبوی، "دواجار کە مالیکی لە دەسەڵات بوو، وڵات بەرەو هەژاری و پشێوییەکی گەورە رۆیشت، نابێت رێگە بدرێت جارێکی دیکە ئەوە رووبداتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کەسەی خۆی بە باڵیۆزی ئیمامی مەهدی ناساندووە

کەسێک لە نەجەف دەستگیرکرا کە خۆی بە باڵیۆزی ئیمام مەهدی ناساندووە

کەسێک لە پارێزگای نەجەف دەستگیرکرا، کە لە رێگەی چەند پەیجێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامەوە بانگەشەی ئەوەی کردووە باڵیۆزی پێنجەمی ئیمام مەهدییە و گوایە لە یەکێک لە بازاڕەکانی ئەو شارە دیداری لەگەڵدا دەکات.