عەلی عەلاق: گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئەمریکا تەکنیکی بوون

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رەتیدەکاتەوە لە کۆبوونەوەکانی ئیستەنبووڵ باسی پرسی پێکهێنانی حکومەت و کاندیدبوونی مالیکی کرابێت و دەڵێت، گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی "تەواو تەکنیکی" بوون.
 
رۆژی چوارشەممە، 4ـی شوباتی 2026، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە پەیامێکدا بۆ ئاژانسی (بلومبێرگ)ـی ئەمریکی، روونکردنەوەی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بەرپرسانی گەنجینەی ئەمریکا لە تورکیا دا.
 
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت: "لەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لە تورکیا کراون، پرسەکان تەواو تەکنیکی بوون و گفتوگۆکان پەلیان نەکێشاوە بۆ پرسگەلێک کە رەهەندی دیکەی هەبێت."
 
ئەم روونکردنەوەیەی پارێزگاری بانکی ناوەندی دوای ئەوە دێت، رۆژی سێشەممە 3ـی شوباتی 2026، ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردەوە؛ لە کۆبوونەوەی نێوان عەلی عەلاق و بەرپرسانی ئەمریکا لە شاری ئیستەنبووڵ، هۆشداری بە بەرپرسە عێراقییەکە دراوە کە "ئەگەر نووری مالیکی ببێتەوە سەرۆکوەزیران، ناردنی پارەی داهاتی نەوت بۆ عێراق کەم دەکرێتەوە یان بلۆک دەکرێت."
 
د. مەحموود داغر، شارەزای دارایی و بانکی و بەڕێوەبەری گشتیی پێشوو لە بانکی ناوەندیی عێراق، رۆژی چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەکەی ئیستەنبووڵ پێش بەربژێرکردنی نووری مالیکی ئامادەکاریی بۆ کراوە، شاندەکە و ئەو پرسانەشی تاوتوێکراون تەکنیکی بوون، لەوانەش سیستمی بانکی و پرسی ماستەرکارت لە عێراقدا."
 
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە وەک بەربژێر بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دیاریکراوە.
 
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 27ی کانوونی دووەمی 2026 لە پەیامێکی توونددا هۆشداریی دا، ئەگەر نووری مالیکی ببێتەوە سەرۆکوەزیران، "واشنتن چی دیکە هاوکاریی عێراق ناکات."
 
بە بڕوای د. مەحموود داغر، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کاتێک هەڕەشەی لەو شێوەیە دەکات و جێبەجێی دەکات کە "بەرژەوەندییەکانی راستەوخۆ بکەوێتە مەترسی و شەڕ بەرپابێت."
 
پارەی فرۆشی نەوتی عێراق دەچێتە ئەمریکا و بەگوێرەی رێکاری دیاریکراو رێگە بە عێراق دەدرێت پارەی ئەو داهاتە بەکاربهێنێت.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمریکا مانگانە بە دوو کاروان پارەی داهاتی نەوت رەوانەی عێراق دەکاتەوە، پارەی کاروانی دووەمی مانگی کانوونی دووەم دواکەوت، بۆیە یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی عێراق درەنگ کەوتنی پارەکە بوو لە ئەمریکاوە."
 
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکا، نووری مالیکی رۆژی سێشەممە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی شەرقییە رایگەیاند: "توویتەکەی دۆناڵد ترەمپ لەسەر بنەمای زانیاریی چەواشەکارانە بووە و زانیاریمان لە نزیک ناوەندی بڕیاری ئەمریکاوە پێگەیشتووە کە ئەوانیش سەرسامن بەو توویتەی ترەمپ."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

ئەمریکا هۆشداری دەداتە عێراق: هەموو کارێک دەکەین بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی سەرۆک

​بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی گوت، سیاسەتی واشنتن لەبارەی عێراق ئەوە دەخوازێ حکومەتێک لەو وڵاتەدا هەبێت "بەشێوەیەکی کاریگەر و بە رێزەوە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان" کاربکات.