رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەربازیی"سەرایا ئەولیا دەم" دەڵێ، ئەوان هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان رەتدەکەنەوە و داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکات سوود لە سەرکەوتنەکانی "بەرگری" وەربگرن بۆ کۆتاییهێنان بە هەژموونی ئەمریکا لە عێراق.
ئەبو مەهدی جەعفەری، گوتەبێژی سەربازیی گرووپی سەرایا ئەولیا دەم، ئەمڕۆ شەممە، 21ی ئاداری 2026، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لە پرەنسیپەکانی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئەوەیە کە ئەگەر ئەمریکییەکان هێرشمان بکەنە سەر، وەڵاممان بۆ ئەمریکییەکان دەبێت، تەنانەت ئەگەر لایەنێکی عێراقیش هێرشمان بکاتە سەر، ئێمە تەنیا هەر لە ئەمریکییەکان دەدەین."
گوتەبێژی سەرایا گوتیشی، "موقاوەمەی ئیسلامی خوێنێکی زۆری بەخشیوە بۆ پاراستنی "دەسەڵاتی شیعە،" بۆیە هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان رەتدەکەنەوە، چونکە ئەو جۆرە هێرشانە کاریگەریی خراپ لەسەر پێگەی عێراق دروست دەکات و لە هەموو ئاستەکاندا زیان بە ناوبانگی وڵات دەگەیێنێت.
جەعفەری داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد سەرکەوتنەکانی بەرگری بەکاربهێنن بۆ رزگاربوون لە هەژموونی ئەمریکا بەسەر بڕیاری سیاسیی عێراقەوە، راشیگەیاند، "ئێستا ئەمریکا لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە و دەبێت ئەو دەرفەتە بقۆزرێتەوە."
لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتەبێژی "سەرایا ئەولیا دەم" هۆشداریی دایە شانەی راگەیاندنی ئەمنی و داوای لێکردن پەلە نەکەن لە دەرکردنی راگەیێندراوەکان. گوتیشی: "دەبێت پێش هەر لێدوانێک راستییەکان روون ببنەوە، بۆ ئەوەی تۆمەت بۆ بەرگری دروست نەکرێت و وێنەکەیان لەلای خەڵک نەشێوێندرێت، وەک ئەوەی دوژمنان هەوڵی بۆ دەدەن."
لە 28ی شوباتی 2026، بنکەی پشتیوانیی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە بەغدا، رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی رۆژانە بووەتەوە، کە لەلایەن گرووپەکانی بەرگریی ئیسلامییەوە بە درۆن و مووشەک ئەنجام دەدرێن و دوای ئەنجامدانی هێرشەکان ئەو گروپە دەیگرێتە ئەستۆی خۆی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ