گرووپە چەکدارەکان دەڵێن لە سێ پارێزگای عێراق هێرشکراوەتە سەر حەشدی شەعبی

04-03-2026
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

میدیاى نزیک لە  گرووپە چەکدارەکانى سەر بە موقاوەمەى ئیسلامى لەعێراق بڵاویانکردەوە لە سێ پارێزگا هێرشکراوەتە سەر چەند بنکەیەکى حەشدی شەعبی و کوژراو و بریندار هەن، بەڵام پۆلسی دوو لەو پارێزگایە رەتیانکردەوە بۆردوومان و تەقینەوە روویدابێت.
 
بە گوێرەى ئەو میدیایانە ھێرشەکان بەرەبەیانیى ئەمڕۆ چوارشەممە 4ى ئادار کراون، یەکێک لە هێرشەکان کراوەتە سەر بنکەیەکی لیوای 45ی سەر بە کەتیبەکانى حیزبوڵڵای عێراق لە خۆرئاوای پارێزگای ئەنبار و هێرشێکی دیکە لە دەشتی سەماوە لە پارێزگای موسەننا کراوە، بەگوێرەی گرووپەکانی نزیک لە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، ئەو هێرشە کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
 
 یەکێک لە هێرشەکانیش لە سنووری پارێزگای دیالەدا کراوە.
 
 بەڵام فەرماندەى پۆلیسی موسەننا لە راگەیێنراوێکدا رەتیکردەوە بۆردوومانى ئاسمانى لەو پارێزگایە روویدابێت، هەروەها پۆلیس دیالە  لە راگەێندراوێکى دیکەدا ئاماژەى بەوەدا، هیچ تەقینەوەیەک لە قەزاى خاڵس رووینەداوە و دەڵێت "ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە".
 
لە دوو رۆژی رابردوودا چەند جارێک هێرشکراوەتە سەر بنکەکانی حەشدی شەعبی لە دیالە و ئەنبار، کە سەر بە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی هەق بوون.
 
ئەو بۆردوومانە لەدوای ئەوە بوو کە گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، کە نزیکە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، رایگەیاند لە 3ی ئادار 27 هێرشیان لە دژی بنکەی نەیارانیان لە عێراق و ناوچەکەدا کردووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە