رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، دواخستنی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ رۆژی شەممە، نیشانەی بەردەوامیی جیاوازیی بیروڕاکان و رەنگدانەوەی پەرۆشیی لایەنەکانە بۆ ئەوەی بڕیارێکی "پێنەگەیشتوو" لەبارەی پرسی سەرۆکوەزیران نەدرێت.
ئەم هەفتەیە دووجار کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی پۆستی سەرۆکوەزیران دواخرا، بڕیارە رۆژی شەممە کۆبوونەوەکە بکرێت.
لەبارەی دواکەوتنی کۆبوونەوەکان، د. سەڵاح بوشی، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، رۆژی هەینی 17ـی نیسانی 2026، بە رووداوی گوت: "ئەم دواخستنە نابێت وەک پەکخستنی پرۆسەکە سەیر بکرێت، بەڵکو رەخساندنی رووبەرێکی زیاترە بۆ لێکتێگەیشتن، بە مەبەستی گەیشتن بە هاوسەنگییەکی راستەقینە و جێگیر لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، نەک تەنیا رێککەوتنێکی کاتی."
د. سەڵاح بوشی گوتیشی: "هەرچەندە رەنگە ئەم رێڕەوە چاوەڕوانییەکان درێژ بکاتەوە، بەڵام ئەوە دەسەلمێنێت کە قۆناخەکە پێویستی بە نزیکبوونەوەی سیاسیی زیاتر و لەپێشخستنی بەرژەوەندیی گشتی هەیە بەسەر هەژمارە کاتییەکاندا."
ئەندامەکەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای نووری مالیکی دەشڵێت، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەست بە قورسایی ئەو بەرپرسیارێتییە دەکەن کە لەسەر شانیانە بۆ دروستکردنی بڕیارێک کە هاوتا بێت لەگەڵ گرنگیی پۆستی سەرۆکوەزیران و رۆڵی لە خزمەتکردنی گەلی عێراقدا، بە جۆرێک وەڵامدەرەوەی داواکارییەکانی هاووڵاتییان بێت.
د. سەڵاح بوشی دڵنیایی دەداتە گەلی عێراق و رایدەگەیێنێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی توانای ئەوەی هەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا و لەنێو وادە دەستوورییەکاندا، بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات و شایستە سیاسییەکان بەپێی چوارچێوە یاساییەکان تەواو بکات.
فەهد جبووری، ئەندامی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، بە رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ رۆژی شەممە، 18ـی نیسان دواخرا، بە مەبەستی گەیشتن بە سازان لەسەر یەکێک لە بەربژێرەکان. تاوەکو پێش دواخستنی دانیشتنەکەش، هیچ گۆڕانکارییەک لە ناوی بەربژێرەکاندا نەکراوە."
بەگوتەی ئەندامەکەی رەوتی حیکمە، ئێستا لیستەکە کورتکراوەتەوە بۆ سێ کەسایەتی کە بریتین لە: محەممەد شیاع سوودانی، نووری مالیکی و باسم بەدری.
باسم بەدری؛ بەربژێرە نوێیەکە کێیە؟
لە نێو ئەو بەربژێرانەدا، ناوی باسم بەدری وەک کەسایەتییەکی بەهێز دەردەکەوێت. ئەو سەرکردەیە لە حیزبی دەعوە، سەرۆکی دەستەی باڵای لێپرسینەوە و دادوەریی عێراقە؛ پلەی زانستیی پڕۆفیسۆرە و دکتۆرای لە ئابووریی کشتوکاڵدا هەیە. خاوەنی زیاتر لە 25 توێژینەوەی زانستییە لە بوارەکانی ئاسایشی خۆراک و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو.
حەیدەر بەرزنجی، سەرۆکی دامەزراوەی نەرامسین بە رووداوی گوت: "هەر کەسێک بتوانێت 8 دەنگ لە کۆی 12 دەنگی سەرکردەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەدەستبهێنێت، دەبێتە بەربژێری فەرمی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران."
تاوەکو ئێستا روون نییە کام بەربژێر دەتوانێت ئەو زۆرینەیە مسۆگەر بکات، حەیدەر بەرزنجی پێشبینیشی کرد "بۆ ئەوەی سەرکردەکان لەنێو خۆیاندا تووشی رووگیری نەبن، لەوانەیە دەنگدانەکە بە نهێنی بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ