رووداو دیجیتاڵ
بڕیاربوو ئەمشەو لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ یەکلاییکردنەوەی ناوی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق کۆببنەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی شەممە دواخرا. ئێستا ململانێی سەرەکی لەنێوان سێ کەسایەتیدایە و هەوڵەکان بۆ "سازان" بەردەوامن.
فەهد جبووری، ئەندامی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، رۆژی چوارشەممە 15ـی نیسانی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ رۆژی شەممە، 18ـی نیسان دواخرا، بە مەبەستی گەیشتن بە سازان لەسەر یەکێک لە بەربژێرەکان. تاوەکو پێش دواخستنی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ، هیچ گۆڕانکارییەک لە ناوی بەربژێرەکاندا نەکراوە."
بەگوتەی ئەندامەکەی رەوتی حیکمە، ئێستا لیستەکە کورتکراوەتەوە بۆ سێ کەسایەتی کە بریتین لە: محەممەد شیاع سوودانی، نووری مالیکی و باسم بەدری.
باسم بەدری؛ بەربژێرە نوێیەکە کێیە؟
لە نێوان سێ بەربژێرەکەدا، ناوی باسم بەدری وەک کەسایەتییەکی بەهێز دەردەکەوێت. ئەو سەرکردەیە لە حیزبی دەعوە، سەرۆکی دەستەی باڵای لێپرسینەوە و دادوەریی عێراقە؛ پلەی زانستیی پڕۆفیسۆرە و دکتۆرای لە ئابووریی کشتوکاڵدا هەیە. جگە لە کارە کارگێڕییەکانی، خاوەنی زیاتر لە 25 توێژینەوەی زانستییە لە بوارەکانی ئاسایشی خۆراک و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو.
میکانیزمی دەنگدان؛ 8 دەنگ مەرجی سەرکەوتنە
سەبارەت بەوەی چۆن یەکێک لەو سێ کەسە دەبێتە بەربژێری کۆتایی، حەیدەر بەرزنجی، سەرۆکی دامەزراوەی نەرامسین بە رووداوی گوت: "هەر کەسێک بتوانێت 8 دەنگ لە کۆی 12 دەنگی سەرکردەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەدەستبهێنێت، دەبێتە بەربژێری فەرمی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران."
حەیدەر بەرزنجی گوتیشی، تاوەکو ئێستا روون نییە کام بەربژێر دەتوانێت ئەو زۆرینەیە مسۆگەر بکات، پێشبینیشی کرد "بۆ ئەوەی سەرکردەکان لەنێو خۆیاندا تووشی رووگیری نەبن، لەوانەیە دەنگدانەکە بە نهێنی و لە رێگەی نووسینی ناوەکان لەسەر کاخەز بێت."
یەکێک لە گرێکوێرەکانی کۆبوونەوەکە، کشانەوەی نووری مالیکییە لە کێبڕکێیەکە. بەرزنجی دەڵێت، "مالیکی نەکشاوەتەوە، بەڵام ئامادەیە بکشێتەوە بە مەرجێک 'باسم بەدری' ببێتە بەربژێر." راشیگەیاند، "مالیکی نایەوێت سوودانی ببێتە بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هەڵسوکەوتی سیاسی مالیکی ئەوەی دەرخستووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ