رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکەم پۆست لە پارێزگای نەینەوا وەردەگرێت کە بەڕێوەبەری ناحیەی وانکێ- یە کە لە پشکی ئەو حیزبەیە.
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، ئەمڕۆ یەکشەممە چواری ئایاری 2025، فەرمانی کارگێڕی بۆ دامەزراندنی یاسر عەساف حەسەن وەک بەڕێوەبەری ناحیەی وانکێ دەرکرد.
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاست کردەوە و گوتی: "یاسر عەساف حەسەن کوردە و یەکێتییە، دانیشتووی سەنتەری ناحیەی وانکێیە و سبەی دووشەممە دەستبەکار دەبێت".
نووسراوەکەی پارێزگاری نەینەوا دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە کە بڕیارەکەی دەرکردووە، پاڵپشت بە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی ژمارە 33ـی فیدراڵیی 2025 و بڕیاری ژمارە 39ـی ساڵی 2024ـی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا تایبەت بە هەڵبژاردنی بەڕێوەبەری ناحیەی وانکێ.
زیاتر لە هەژدە ساڵە ئەو پۆستە بەدەست پارتی دیموکراتی کوردستانەوەیە.
ویسام سالم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەمە یەکەم پۆستە یەکێتی وەریدەگرێت.
لە گۆڕانکارییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، یەکێتی سێ پۆستی بەرکەوت کە بریتین لە ناحیەکانی وانکێ، سنوونێ و قایمقامی مەخموور.
هێشتا پارێزگای نەینەوا فەرمانی دامەزراندنی بۆ بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ و قایمقامی مەخموور دەرنەکردووە.
بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنەکە، لە داهاتوودا فەرمانی دامەزراندن بۆ ئەوانیش دەردەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ