رووداو دیجیتاڵ
بەپێی بەڵگەنامەیەک ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی لە کارەکەی دوورخستەوە و کەسێکی دیکەی بۆ ئەو پۆستە دیاریکرد.
بەپێی نووسراوی ژمارە 3053/2395349 کە رۆژی سێشەممە 04-07-2023 لە نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەرچووە و ئیحسان عەوادی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران واژۆی کردووە؛ رافل یاسین خزر، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵی لە کارەکەی دوورخرایەوە و کەسێک بەناوی عەمار سوبحی مەشهەدانی بە بەڕێوەبەری دیوانەکە دیاریکراوە و فەرمانەکە لە ئەمڕۆ سێشەممەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
سەرچاوەیەک لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەواڵ و نووسراوی لەسەرکارلابردنی سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستنیشانکردنی کەسێکی دیکەی بۆ ئەو پۆستە بۆ رووداو پشتڕاست کردەوە، بەبێ ئەوەی وەڵامی هۆکاری دوورخستنەوەکە ئاشکرا بکات.
محەممەد شیاع سوودانی کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی یەکێکە لە درووشمە دیارەکانی کابینەکەی، لە دەستبەکاربوونیەوە لە مانگی ئۆکتۆبەری پارەوە، زیاتر لە 36 بەرپرسی لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە؛ بەشێکیان بەرپرسە سەربازییەکان بوون، لەدوای دزینی بڕی 3.7 تریلیۆن دینار لە پارەی سپاردەی باجەکان کە بە "دزیی سەدە" دەناسرێت، چەند بەرپرسێکی دارایی و بانکی و ئەوانەشی لە دەزگا چاودێرییەکانن لەسەر کارەکانیان دوورخستووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ