بانکى ناوەندی: ئەوانەى لە بازاڕ دۆلار دەکڕنەوە بازرگانی بە مادەى هۆشبەر دەکەن

04-08-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بانکى ناوەندیى عێراق داوا دەکات سەکۆ و پێگەکانى مامەڵەى نرخى دۆلار رابگیرێن و دەڵێت، ئەوانەى دۆلار لەبازاڕدا دەکڕنەوە، ئەوانەن کە بازرگانى نایاسایی و مادەى هۆشبەر و قەدەخەکراو دەکەن، یان دەیانەوێت پارەى بەدەستهاتوو لە دزى و بەرتیل وەرگرتن، بشارنەوە. داواش دەکات هاوئاهەنگى هەبێت لەنێوان حکومەتى فیدراڵى و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى رێکخستنى رێوشوێنەکانى هاتنە ناوەوەى کاڵا و رسوماتەکانى.
 
رۆژی 3ى ئابى 2023، بانکى ناوەندیی عێراق روونکردنەوەیەکى لەبارەى مامەڵەکردن بە دۆلار و خستنەڕووى بڵاوکردەوە، تێیدا جەخت لەوە دەکاتەوە، مامەڵەکردن بە دۆلار لە سەکۆ و مامەڵە رۆژانەکاندا و گۆڕانکارییەکانى، ناڕاستن و دروستکراون، سەرچاوەى دۆلار لە بازاڕەکانى عێراق بانکى ناوەندییە و کە لەرێگەى بانک و کۆمپانیاکانى دراو دەیخاتەڕوو بە نرخى 1320 دینار بەرامبەر بە یەک دۆلار، "بۆیە ئەوەى هەیە بە ناوى بازاڕى رەش، راستەقینە نییە و ئەو بازاڕەى کە مامەڵەى دراوێکى نرخ جێگیرى تێدا دەکرێت، مامەڵەیەکى ناڕەوایە و نابێت رەوایەتى بدرێتى و پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندارەکان کە هەموو ئەو سەکۆ و پێگانە رابگرێت، کە بەهاى ئەو دراوانە بڵاودەکەنەوە کە لەبنەڕەتدا بەهایان جێگیرە."
 
بانکى ناوەندى ئاماژەى بەوەشداوە سەکۆى ئەلیکترۆنیی بانکى ناوەندى، کۆت و بەندى لەسەر حەواڵەى دەرەکیى بانکەکان دانەنانەوە و سنوورداریشى نەکردووە، بەڵکو ئەوە پەیوەستە بە دروستى پرۆسەکانى حەواڵەکردن. ئەو سەکۆیە لە مانگى ئابى 2022 کەوتووەتە کار کە کۆمپانیا و بازرگانان لە رێگەوە دۆلار بە نرخى فەرمى دەکڕن بەمەبەستى بازرگانى دەرەکى یان فرۆشتنى نەختینەیی. 
 
بانکى ناوەندى رایگەیاندووە، ئێستا سەرقاڵى ئەوەن ئەو سەکۆ ئەلیکترۆنییە برەو پێ بدەن بەئاڕاستەى تووندکردنەوەى لێکۆڵینەوەکان و سنووردارکردنى بەکارهێنانى بۆ ئەو ئامانجەى بۆى داندراوە و بەو نرخەى کە دیاریکراوە. بانکەکە دەڵێت: "هیچ کەس و لایەنێک بۆى نییە بازرگانى بەو دۆلارەوە بکات، کە سەرچاوەکەى بانکى ناوەندییە".
 
رۆژانە بانکى ناوەندى بڕێک دۆلار بە نرخى فەرمى دەخاتە بازاڕەوە لە رێگەى دەروازەى فرۆشتنى دۆلار، کە بڕەکەى بە تێكڕا نزیکەی 250 ملیۆن دۆلارە.
 
بانکى ناوەندیی عێراق ئاماژەى بەوەشداوە، ئەوانەى دۆلار لە بازاڕدا دەکڕنەوە دەرفەت دەدەنە بازرگانانى دۆلار، کە بەنرخى نافەرمى مامەڵەى پێوە بکەن، ئەوانەن کە کاڵاى قەدەخە و مادەى هۆشبەر هاوردە دەکەن یان بۆ ئەو کاڵایانەیە کە بە خاڵە سنوورییەکاندا تێپەڕ نابن بۆ قوتاربوون لە  گومرگ و رێوشوێنە یاساییەکان و وەک هاوردەکارانى جگەرە یان ئەو کەسانەن کە سوود لەو پارانە وەردەگرن کە بەهۆى تاوانى وەک بەرتیل و دزیى و رفاندن و فرۆشتنى ماددە قەدەخەکراوەکان دەستکەوتوون و هەوڵدەدەن پارەکە ببەنە دەرەوە بۆ شاردنەوەى.
 
بانکى ناوەندى داوا دەکات دەروازە سنوورییە فەرمییەکان کۆنتڕۆڵ بکرێن و سەرجەم دەروازە نافەرمییەکان دابخرێن و هاوئاهەنگى هەبێت لەنێوان حکومەتى فیدراڵى و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى رێکخستنى رێوشوێنەکانى هاتنە ناوەوەى کاڵا و رسوماتى سەریان و یەکخستنیان و رێگریی لە هاتنە ناوەوەى کاڵاى قەدەخەکراو. 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە