رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رۆژی 13ـی ئەم مانگە لە بەغدا تیروپشکی ژمارەی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت. دەشڵێت، "دۆسیەی 70 بەربژێریان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە دروستیی زانیاری و دۆسییەکانیان ناردووە و چاوەڕوانی وەڵامن".
رۆژی دووشەممە، 4-9-2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژی 13-9-2023، کۆمیسیۆن تیروپشکی ژمارەی بەربژرێران دەکات بۆ ئەو هاوپەیمانێتی و حیزب و بەربژێرانەی تاکەکەسی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تۆمارکردووە."
سەبارەت بە رێکارەکانی دیکە، باسی ناردنی ناو و دۆسییەی ژمارەیەک لە بەربژێران دەکات بۆ دەستە و فەرمانگە و وەزارەتەکانی حکومەتی عێراق بۆ دڵنیابوونەوە لە زانیارییەکان و دەڵێت، "دۆسیە و زانیارییەکانی تایبەت بە 70 بەربژێرمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی عێراق ناردووە بۆ دڵنیابوونەوە لە دروستی زانیارییەکانیان، 20 لەو بەربژێرانە ئەوانەن کە خۆیان بۆ کورسی گشتی بەربژێرکردووە و 50یان خۆیان بۆ کورسیی پێکهاتەکان بەربژێرکردووە."
جومانە غەلای دەڵێت، "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران رەزامەندی لەسەر ئەو 15 نموونەیەی کاخەزی دەنگدان داوە کە کاخەزی هەر پارێزگایەک بەهۆی جیاوازیی بەربژێر و هاوپەیمانێتی و حیزبە بەشداربووەکانی جیاوازە، بۆیە کاخەزی هیچ پارێزگایەک لەوی دیکە ناچێت."
بڕیارە لە 18ى کانونى دووەمی 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت، بۆ یەکەمجار لە ساڵى 2005ـەوە ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک دەکرێت، 6022 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەربژێر کردووە، بەشێکیان سەربەخۆ و بەشێکیشیان لە چوارچێوەی 66 حیزب و هاوپەیمانێتیدان.
بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 285 کورسی پێکدێت، کە 10 کورسییان بۆ پێکهاتەکان لە چوارچێوەی کورسیی کۆتا تەرخان دەکرێن، بەو پێیە ئەگەر ئەو کەسانەی خۆیان بەربژێر کردووە دابەشی کورسییەکان بکرێن، هەر کورسییەکی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە تێکڕا زیاتر لە 21 بەربژێر رکابەرایەتیی لەسەر دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ