وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: 28٪ی عێراقییەکان کرێچین

04-09-2025
گەشاو خالید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق دەڵێت، دوو ملیۆن و نیو کرێچی لە عێراق هەن و پلانیان هەیە یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکەن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان یەکێکە لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم حکومەت، چونکە 28%ـی هاووڵاتییان خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوون نین. ئەم ئامارە دەریدەخات کە وڵات پێویستی بە 2.5 ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون هەیە."
 
نەبیل سەفار گوتی: "حکومەت چەندین رێکاری گرتووەتەبەر، لەوانە دروستکردنی شاری نیشتەجێبوونی نوێ، ئێستا پێنج لەم شارانە خراونەتە بەردەم وەبەرهێنەران، لەوانە شاری عەلی وەردی و جەواهیری لە بەغدا، غەزلانی لە موسڵ، جەنائین لە بابل و زەفاف لە کەربەلا."
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: "لە داهاتوویەکی نزیکدا چەندین شاری دیکە لە پارێزگاکانی کەرکووک، سەلاحەدین، دیالە، نەجەف، کوت، مەیسان، موسەننا، زیقار و بەسرە دروست دەکرێن."
 
نەبیل سەفار ئاماژەی بەوەش دا: "بڕیارە لە داهاتوودا ملیۆنێک یەکەی نیشتەجێبوون لە سەرجەم پارێزگاکان دروست بکرێن، ئەوەش گوشارەکانی سەر ژێرخانی خزمەتگوزاری کەم دەکاتەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە گوتیشی: "فرۆشتنی یەکەکان لەو شارانەدا بەشێوەی قیستی ساڵانە دەبێت و 50٪ ی حکومەت دەیدات و بڕەکەی دیکە لەسەر کەسی سوودمەندبوو دەبێت."
 
بەگوێرەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئەو چینانەی کە لە وەرگرتنی یەکەکان سوودمەند دەبن ئەمانەن:
 
- کەسوکاری شەهید و بریندارانی وەزارەتی ناوخۆ، بەرگری، حەشدی شەعبی و کردە تیرۆریستییەکان
- خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی
- ژنانی جیابووەوە و هاوسەر مردوو (بێوەژن)
- کچانی سەڵتی سەروو 35 ساڵ
- کەسانی تۆمارکراو لە چاودێریی کۆمەڵایەتی
- کۆچبەرانی تۆمارکراو لە وەزارەتی کۆچ
- خاوەن بڕوانامەی باڵای دانەمەزراو
- کەسانی کەمئەندام
- وەرزشڤانانی خاوەن دەستکەوت
- کەسوکاری ئەو فەرمانبەرانەی لە کاتی دەوام گیانیان لەدەستداوە
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە