رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بە مەبەستی کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان و رێکخستنەوەی پرۆسەی تۆمارکردنی چەک، ژمارەی سەنتەرەکانی تۆمارکردنی چەک لە عێراق زیاد کردووە، بەمەش کۆی گشتیی ژمارەی سەنتەرەکان گەیشتە 730 بنکە و 60 بنکەی گەڕۆک.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2025، عەقید عەباس بەهادلی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ماوەی رابردوودا خواستی هاووڵاتییان بۆ تۆمارکردنی چەک بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بە جۆرێک ژمارەی فۆرمەکانی تۆمارکردن لە رۆژێکدا دەگاتە دوو هەزار بۆ دوو هەزار 500 فۆرم."
عەقید عەباس بەهادلی ئاماژەی بەوەشکرد، "وەزارەتی ناوخۆ تیمەکانی گەڕۆکی بە پاڵپشتیی لیواکانی فریاکەوتن و پۆلیسی ناوخۆیی پێکهێناوە بۆ ئەنجامدانی گەڕانی مەیدانی، ئەمەش کاریگەریی بەرچاوی لە زیادکردنی تۆمارکردن هەبووە".
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتیشی: "لیژنەی تایبەت تەنیا مۆڵەتی خاوەندارێتی چەک دەدات و رێگە بە هەڵگرتنی نادات، بەپێی یاسای ژمارە 51ی ساڵی 2017".
دەشڵیت: "مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی چەک ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە هەڵگری وڵاتینامەی عێراقین و دەبێت سەرۆک خێزان یان خاوەنی کێڵگە، باخ، یان کارگە بێت و نابێت تەمەنی لە 25 ساڵ کەمتربێت و پێشینەی تاوانکاریشی نەبێت، واتە حوکمدراو نەبێت بە تاوان یان سەرپێچییەک کە لەگەڵ شەرەف و ناوبانگیدا نەگونجێت، لە رووی تەندروستی و جەستەییەوە شیاو بێت بۆ هەڵگرتنی چەک."
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لیژنەی نیشتمانیی هەمیشەیی بۆ رێکخستن و قۆرخکردنی چەک بە دەوڵەت، تاوەکو مانگی شوباتی 2025، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی چەکەکانیان تۆمارکردووە گەیشتووەتە 31,627 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ