رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق وردەکاریی رووداوى دابەزینى ئاسمانى سەربازانى ئەمریکاى لە بیابانى نەجەف بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو هێزە بەبێ رەزامەندى چوونەتە ناوچەکە و پێدەچێت بۆ دانانى ئامێرى یان چاودێریکردن بووبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، یاداشتى ناڕەزایەتییان لەبارەى ئەو جووڵە سەربازییە داوەتە هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژى داعش و داواى رونکردنەوەیان لێ کردوون.
پێنجشەممە، 5ى ئادارى 2026، قەیس محمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەبارەى رووداوەکەى بیابانى نەجەف رایگەیاند، زانیارییان پێگەیشتووە لەبارەی جووڵەیەک لە بیابانی نەجەف لە سنووری کەربەلا و دواتر هێزێک لە سێ فەوجی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى کەرلابە پێکهێنرا بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە و روونە کە هێزێکیان بە چڕى تەقەی لێکراوە و لە ئەنجامدا یەکێک لە سەربازەکانیان کوژراوە و دووانی دیکە بریندار بوون.
قەیس مەحمەداوی بە میدیاى فەرمى عێراقى راگەیاند، پێدەچێت هێزێک لەوێ هەبووبێت کە پاڵپشتیی هێزێکی دیکەی کردبێت کە ویستوویەتی چاودێریی بکات یان ئامێر دابنێت.
ئەو فەرماندەیە گوتی، هێزێکی تایبەتی ئەمریکا لە چەند ناوچەیەکی ستراتیژیی بیابانەکانی ئەنبار، کەربەلا و نەجەف دابەزیوە و لە کاتی نزیکبوونەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش پێکدادان روویداوە.
جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت :"ئەم رووداوە کارێکی ترسنۆکانە و ناپاکی بووە. ئەو هێزە بەبێ هاوئاهەنگی و رەزامەندی چووەتە ئەو ناوچەیە".
ئەو رووداوە هاوکاتە لەگەڵ جەنگى نێوان کۆمارى ئیسلامى ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و جووڵەى هێزە سەربازییەکانى هەردوو بەرەى جەنگەکە لە ناوچەکە.
قەیس مەحمەداوی گوتى:"بەیانیی ئەمڕۆ دوو فەوجی دیکەی دژەتیرۆر نێردران بۆ کێوماڵکردنی ناوچەکە و چوونە شوێنی رووداوەکە و هیچ هێزێکی لێ بەدی نەکرا، هیچ رێککەوتن و رەزامەندییەک نییە بۆ بوونی هێز لە ناوچەیەکی لەو جۆرە، رێگە نادەین بە بوونی هیچ هێزێک کە زیان بە عێراق و سەروەری و ئاسایشەکەی بگەیێنێت".
بە گوتەى مەحمەداوى، فەرمانیان داوە بۆ بڵاوکردنەوەی هێزی ئەمنی لە سەرجەم ناوچەکان، لەوانە ناوچە بیابانییەکان و یاداشتێکی ناڕەزاییەتیان داوەتە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و داوای روونکردنەوەیان لێ کردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ