رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە دەستەی میدیا و گەیاندنی عێراقی رایدەگەیێنێت، ئەوەی لە فێستیڤاڵەکەی گۆڕەپانی ئاهەنگەکان لە شاری بەغدا روویدا کە ئامادەبووان بە جلوبەرگی نیمچەڕووتەوە ئامادەبوون، بێ سزا تێپەڕنابێت.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 03-10-2023 لە گۆڕەپانی ئاهەنگەکانی شاری بەغدا، هاوکات لەگەڵ رۆژی نیشتمانیی عێراق ئاهەنگێک بەڕێوەچوو. بەشێک لە بەشداربووانی ئاهەنگەکە جلوبەرگی نیمچەڕووت و "نەشیاو" یان لەبەرکردبوو، ئەو کارەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی بەشێک لە میوان و بەشداربووان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، مەحموود روبێعی، ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە دەستەی میدیا و گەیاندنی عێراقی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) فێستیڤاڵەکەی بە "سەرشۆڕی" و "بێڕێزی بە عێراق و عێراقییەکان" ناوبرد. ئاماژەی بەوەشکردبوو، "رێگەنادەین ئەو کارە بەبێ لێرسپینەوە و سزا تێپەڕێت."
هەر لە ئاهەنگەکەدا هونەرمەند شەزا حەسوون لەکاتی گوتنەوەی سروودی نیشتمانیی عێراق هەڵەی کرد و لە بەشێکیدا لەبری ئەوەی بڵێت "سالما مـنعما" گوتی، "ناعماً منعماً"
مەحموود روبێعی لەسەر ئەوەی لە ئاهەنگەکە روویداوە لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا دەڵێت، "دوورخستنەوەی بەرپرسان و لێپرسینەوە لەگەڵیاندا لەسەر ئەو بێڕێزییە لە هەر ناونیشان و پۆستێکدا بن برینەکە ساڕێژناکات، بەڵام رێگری لە دووبارەبوونەوەی دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ