رووداو - هەولێر
ئاسەواری یاری پەبجی باڵی بەسەر خۆپیشاندانەکانی عێراقدا کێشاوە و بەشێک لە خۆپیشاندەران جلی ئەو یارییە دەپۆشن کە نزیکەی 30 ملیۆن بەکارهێنەری لەسەرتاسەری جیهان هەیە.
رۆژ دوای رۆژ پۆشینی ماسک لەنێو خۆپیشاندەران رووی لە زیادبوونە، خۆپیشاندەران بە پۆشینی ئەو جلە سەیرانە و ماسک کردنە رووخساریان دوو ئامانج دەپێکن، سەرنجی هەموو جیهان بۆ لای خۆپیشاندانەکانیان رادەکێشن و گڕوتین دەدەن بە خۆپیشاندانەکان.
خۆپیشاندەرێک کە ماسکی یاری PUBG ـی پۆشیووە دەڵێت "من ئەم ماسکەم پۆشیوە بۆ ئەوەی خۆشی بخەینە نێو دڵی خۆپیشاندەران، بۆ ئەوەشە هیچ کەسێک نەگەڕێتەوە ماڵەوە، دەمانەوێت لێرە بمێنینەوە تاوەکو هەموو داواکارییەکانمان جێبەجێدەکرێن، زۆر شەهیدمان داون، ریسکێکی گەورەشم داوە، ئێمە لە 2003وە تاوەکو ئێستا بەمشێوەیە بووین".
لەوەدەچێت خۆپیشاندەرێکی زۆر ئاشنای یاری PUBG بن، بۆیە ئەوانەی جلی یارییەکە دەپۆشن، وێنە لەگەڵ ئەو کەسانە دەگرن.
خۆپیشاندەران شەو و رۆژ لە شەقامەکانی بەغدا و لەوبەرەدا دەمێننەوە کە پردێک لە ناوچەی سەوز جیایان دەکاتەوە، دەشڵێن، ناگەڕێنەوە ماڵەکانیان تاوەکو هەموو مافەکانیان وەردەگرنەوە.
خۆپیشاندەرێکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات "من وەکو گەنجێک مافەکانم بەتەواوی وەرنەگرتووە، بۆیە ئەو ماسکەم پۆشیوە، ئەو وزە نەرێنیانەی لەنێومدا هەیە، بەهۆی هەڵسوکەوتەکانی حکومەت تەقیوەتەوە، ئەو ماسکەم پۆشیوە وەکو گوزارشتێک لەو وزە نەرێنییە".
نزیکەی مانگێکە خۆپیساندانەکان چەندین شار وشارۆچکەی ناوەڕاست و ناوچەکانی دیکەی عیراقی گرتووەتەوە. خۆپیشاندەران جێگە و رایەخیان لەگەڵ خۆیان بردووە، شەو لە سەرشەقامەکان دەمێننەوە بۆ ئەوەی بەیانی زوو دەستبە خۆپیشاندان بکەنەوە.
ئامارە فەرمییەکانی کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ باس لە برینداربوونی زیاتر لە 12 ھەزار کەس و کوژرانی نزیکەی 300 خۆپیشاندەر دەکەن، بەڵام خۆپیشاندەران دەڵێن زۆر لەو ژمارەیە زیاتر خەڵک بوونەتە قوربانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ