رووداو دیجیتاڵ
دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج تکریتی، ناسراو بە "جەلادەکەی نوگرەسەلمان" بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا. لە دانیشتنێکی چوار کاژێریدا، 28 رزگاربووی ئەنفال وەک سکاڵاکەر و شایەتحاڵ گوتەیان لە دژی تۆمەتبارەکە لێوەرگیرا و جەلادەکەش بە سیمایەکی "لاواز و شڵەژاو" لەنێو قەفەسی تۆمەتباراندا دەرکەوت.
بەپێی زانیارییەکانی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە نێو دادگەی رەسافە لە بەغدا، دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج تکریتی بۆ رۆژی 14-05-2026 دواخرا. تۆمەتبارەکە کە جلێکی زەردی زیندانی و تیشێرتێکی رەشی پۆشیبوو، لە کاتی گوتەی سکاڵاکەراندا زۆر شڵەژاو دیاربوو و دەستەکانی دەلەرزین.
سەبارەت بە دۆخی تۆمەتبارەکە لە کاتی بەڕێوەچوونی دادگەییکردنەکەدا، پەیامنێری رووداو رایگەیاند: "عەجاج بە کەسایەتییەکی زۆر زۆر لاواز دەردەکەوت و جیاواز بوو لەو وێنەیەی لە سەرەتای دەستگیرکردنیدا بڵاوکرایەوە. زۆر لاواز ببوو و کاریگەری زیندانیکردنی بەسەرەوە دیاربوو."
رووبەڕووبوونەوەی قوربانی و جەلاد
لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەدا، عەتا ئیبراهیم، یەکێک لە سکاڵاکەران، رووی کردە عەجاج و پێیگوت: "کوا سەیری دەموچاوم بکە، من گوناهم چی بوو کاتێک تەمەنم تەنیا 11 ساڵ بوو و تۆ بە کێبڵ لێت دەدام؟" عەجاج لەبەرامبەر ئەو پرسیارەدا بێدەنگ بوو و تەنیا سەری سوڕاند.
دڵمان لەتیف، پارێزەری سکاڵاکەران بە رووداوی راگەیاند: "دانیشتنەکە زۆر باش بوو و گوتەی نزیکەی 28 سکاڵاکەر وەرگیرا. عەجاج چەند جارێک هەوڵیدا قسەی زیادە بکات، بەڵام لەلایەن سەرۆکی دادگەوە رێگری لێکرا. دواخستنی دانیشتنەکەش لەسەر داوای تۆمەتبارەکە بوو بۆ ئەوەی گوتەکانی خۆی ببینێتەوە و پێداچوونەوە بە بابەتی 'کەشفی بەڵگەدا بکات."
نکۆڵیکردن لە تاوانەکان
عەجاج لەبەردەم دادوەردا دانی بەوەدا نا کە بەڕێوەبەری ئەمنی نوگرەسەلمان بووە، بەڵام سەرجەم تاوانەکانی ئەشکەنجەدان و کوشتنی رەتکردەوە. ئەو تەنیا دانی بە گیانلەدەستدانی یەک منداڵدا نا و گوتیشی لەو رۆژەدا لە مۆڵەتدا بووە.
لە بەرامبەردا، دادوەر وێنەکانی "کەشفی دەلالە"ی نیشانی عەجاج دا، کە تێیدا پێشتر تۆمەتبارەکە خۆی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان چووەتە شوێنی تاوانەکان و دانپێدانانی لەسەر گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ئەشکەنجەدانی خەڵک کردووە. دادوەر جەختی کردەوە کە هەموو دۆسیە و بەڵگەکان لەبەردەستن.
دکتۆر هاوار شافعی، کە وەک چاودێر لە دانیشتنەکەدا ئامادە بوو، تێبینییەکانی خۆی بۆ رووداو خستە روو و گوتی: "کەمتەرخەمی لە بابەتی وەرگێڕاندا هەبوو، دەبوو وەرگێڕێکی پیشەیی هەبێت بۆ ئەوەی گوتەی سکاڵاکەران بە وردی بگەیەنێتە دادوەر." ئاماژەی بەوەش کرد کە هەندێک لە سکاڵاکەران بەهۆی تەمەن و کاریگەریی ئەو ئەشکەنجە زۆرەی بینیویانە، یادگەیان وەک پێویست نەبوو بۆ گێڕانەوەی وردەکارییەکان، بەڵام ئازاری ئەنفال هێشتا بە سیمایانەوە دیاربوو.
بڕیارە رۆژی 14ی ئەم مانگە، جارێکی دیکە دادگە کۆببێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لەو دانیشتنەدا دۆسیەی "جەلادەکەی نوگرەسەلمان" یەکلایی بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ