رووداو دیجیتاڵ
داهاتەکانی نەوتی عێراق بۆ وڵاتانی ئەوروپا کەمدەکات و بە بەراورد بە مانگی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ، مانگی رابردوو داهاتە نەوتییەکانی عێراق لە هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەوروپا 471 ملیۆن دۆلار کەمیکردووە. شارەزایەکی ئابووریش دەڵێت، "بەشێکی هۆکاری کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت بۆ ئەوروپا ئەوەیە ئەو نەوتە بۆ چین چووە."
بەپێی بەدواداچوونەکان بۆ ئامارەکانی تایبەت بە هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوو، دەردەکەوێت لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ عێراق 19 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا کردووە، لەکاتێکدا لە مانگی تشرینی یەکەم 23 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل بووە، بەو پێیە لەو مانگەدا عێراق چوار ملیۆن و 319 هەزار بەرمیل نەوت کەمتری هەناردەی ئەوروپا کردووە.
لە مانگی تشرینی دووەمدا عێراق یەک ملیار و 571 ملیۆن دۆلاری لە هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەوروپا دەستکەوتووە، لەکاتێکدا مانگی تشرینی یەکەمدا دوو ملیار و 45 ملیۆن دۆلار داهاتی دەستکەوتووە.
عێراق لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا هەشت ملیار و 512 ملیۆن دۆلاری لە هەناردەکردنی نەوت دەستکەوت، لەکاتێکدا بەهای بەرمیلی نەوت لەو مانگەدا 80.74 دۆلار بووە، هەروەها لە مانگی تشرینی یەکەم نۆ ملیار و 669 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە و بەهای بەرمیلی نەوت 85.86 دۆلار بووە.
رۆژی دووشەممە 4-12-2023، نەبیل مەرسوومی، مامۆستای زانکۆی بەسرە و پسپۆڕی نەوتی لەبارەی هۆکاری کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەوروپا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئەم ساڵەوە داوا و خواست لەسەر نەوتی عێراق بەتایبەت لەلایەن هیندستان و چین زیاتر بوون، بەشێکی زۆری هەناردەی نەوتی عێراقیش بۆ ئەوروپا دەچێت، بۆیە رکابەرایەتی باش بۆ بەدەستهێنانی نەوتی عێراق بەتایبەت بەسرە هەیە، لەکاتێکدا بەشێکی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەوروپا ئەوەیە بۆ چین دەچێت، کە کڕیارێکی گەورەی نەوتی عێراقە."
لە 10 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا عێراق 105 تریلیۆن و 64 ملیار و 700 ملیۆن دیناری لە فرۆشتنی نەوت دەستکەوتووە، لەکاتێکدا بۆ هەموو ساڵەکە پێشبینیکراوە نزیکەی 117 تریلیۆن دینار (90 ملیار دۆلار) داهاتی هەبێت، واتە داهاتەکەی لە داهاتی پێشبینیکراوی نێو یاسای بودجە زیاتر بووە، بەمەش کورتهێنانی کەمدەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ