رووداو دیجیتاڵ
دەروازەی وەلید لە نێوان عێراق و سووریا لەدوای 11 ساڵ لە داخستنی، دەکرێتەوە، لە قۆناخی یەکەمدا دەروازەکە بەر لە کردنەوەی نۆژەن دەکرێتەوە.
سەعد غازی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: کارکردن لە دەروازەی وەلید دەستپێدەکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بکرێتەوە، کە بەهۆی شەڕی داعش داخرابوو.
سەعد غازی گوتیشی: "بەراورد بە دەروازەی قائیم، دەروازەی وەلید نزیکترینە بۆ گەیشتن لە سووریاوە بۆ عێراق".
ئەو دەروازەیە کە 300 دۆنمە، لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی شەڕی داعش داخرا، کە یەکێک بوو لە دوو دەروازە سەرەکییەکەی نێوان پارێزگای ئەنبار و سووریا.
موجاهید دلێمی، بەڕێوەبەری ناحیەی وەلید بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بەگوێرەی گرێبەستی بونیاتنانەوەی دەروازەکە، ماوەی چوار مانگی پێدەچێت و دواتر دەکرێتەوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی وەلید رایگەیاند، بەگوێرەی گرێبەستەکە 52 ژووری کەرەڤانەیی بۆ دروست دەکرێت بۆ فەرمانگە تایبەتەکانی ئەو دەروازەیە.
عێراق سێ دەروازەی سنووری لەگەڵ سووریا هەیە، کە دووانیان داخراون، کە رەبیعە و وەلیدن؛ هاتووچۆ لەنێوان هەردوو وڵات لە دەروازەی قائیم دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ