رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لێدوانێکی گوتەبێژی پێنتاگۆن رەتدەکاتەوە کە لە هێرشەکەی دوێنێی سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە بەغدا و هێرشەکانی دیکەی سەر گرووپە چەکدارەکان هاوکاریی ئەمریکایان کردبێت.
رۆژی پێنجشەممە 04-01-2024، پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە وەڵامی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن لەبارەی وردەکاریی هێرشەکەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، "ئێمە بەردەوام دەبین تاوەکو لە نزیکەوە کار لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکان بکەین، هەروەها دەشزانین کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە هەندێکباردا بەردەوامن لە هاوکاریکردنمان بۆ دیاریکردنی شوێنی ئەو گرووپانەی سەر بە ئێران کە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و ئێمەش پێزانینی زۆرمان بۆ ئەو پشتیوانییە هەیە."
پاشنیوەڕۆی دوێنێ هێزەکانی ئەمریکا لە بەغدا هێرشیان کردە سەر موشتاق جەواد کازم کە بە ئەبو تەقوا ناسراوە لە ئەنجامدا و خۆی و جێگرەکەی کوژران.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "جەخت لە مەترسیی ئەو جۆرە لێدوانانە و هەوڵەکانی تێکەڵکردنی کارتەکان دەکەینەوە، بە تووندی بوونی هاوئاهەنگیی لەو جۆرە رەتدەکەینەوە، بە پێچەوانەشەوە ئەو دەستدرێژییەی دوێنێ بەشێوەیەکی راستەوخۆ و بە ئاگاداری هیچ لایەنێکی سەربازی یان ئەمنیی عێراقی کراوە، هاوشێوەی ئەو دەستدرێژییانەی بەمدواییانە کراونەتە سەر هێزە ئەمنییەکان."
هاوئاهەنگیکاری هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، بەپێی راگەیێندراوەکە "بە جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی گوتووە، ئەو پێشوەختە لەو دەستدرێژییە ئاگادارنەکراوەتەوە کە دەچێتە چوارچێوەی زنجیرەیەک پێشێلکاریی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ماوەکانی رابردوو کردوویانە و لەلایەن فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دۆکیۆمێنت کراوە، بەتایبەت هاتووچۆی فڕۆکەی جەنگی و درۆنەکان لە ئاسمانی عێراق."
ئەو بۆردوومانەی ئەمریکا لە بەغدا دەرگەى زیاترى لەسەر داواکارییەکان بۆ دەرچوونى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق کردەوە. کاردانەوەى بەشێک لە بەرپرسانى سیاسیی شیعە لەسەر ئەو رووداوە بە ئاڕاستەى کۆتاییهێنان بوو بە ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە عێراق.
هاوکات ئەمڕۆ هەینی لە رێوڕەسمێک تایبەت بە یادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس ئاماژەی بەوەکرد، "سەرقاڵی دیاریکردنی وادەی دەستپێکردنی گفتوگۆکانین بۆ دەرچوونی هێزە بیانییەکان لە عێراق."
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق باسی لەوە کردووە، ئەو هێرشەی دوێنیی سەر بارەگاکەی حەشدی شەعبی زیان بە کۆی پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەگەیێنێت و "دەستدرێژییەکی روونە بۆ سەر ئەو مۆڵەتپێدانە یاساییەی کە وایکردووە هێزەکانی ئەو هاوپەیمانێتییە هەبن."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیاندا، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق جەختدەکاتەوە کە هێزە چەکدارەکانی عێراق بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە "بە گیانی یەک تیمی لەژێر سەرپەرشتیی سەرکردایەتی و رێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کاردەکات و کردوویەتی، بەردەوامیش ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکان و چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو دەستدرێژی و پێشێلکارییە یاساییانەی هەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ