لە کۆی 15 پارێزگای عێراق شەشیان سەرۆکی ئەنجوومەن و پارێزگاریان هەڵبژارد

05-02-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە کۆی 15 پارێزگای عێراق تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، تەنیا لە شەشیاندا حکومەتە خۆجێییەکان پێکهێندراون.
 
پرۆسەکە لە بەشێکیاندا هێشتا تەواو نەبووە و هەڵبژاردن بۆ پۆستەکانی دیکە ماوە؛ بڕیارە ئەمشەو بەشێکی دیکەیان رێکارەکانیان تەواو بکەن.
 
بەپێی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەمڕۆ دوا وادەی یاسایییە بۆ پێکهێنانی حکومەتە خۆجێییەکان.
 
بەپێی بڕگەی یەکەمی مادەی 7ـی یاسای پارێزگا نارێکخراوەکان لە هەرێمێکدا، ژمارە 21ـی ساڵی 2008، دەبێت لەماوەی 15رۆژ لە پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بکرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و دوو جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن. 
 
بڕگەی حەوتەمی هەمان مادەش دەبێت لەماوەی 30 رۆژ لە بەستنی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، هەڵبژاردنی پارێزگار و دوو جێگرەکەی بکرێت.
 
سەعد راوی، شارەزای یاسایی و جێگری سەرۆکی پێشووتری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت. "راستە بەپێی یاسا دەبێت لەماوە 15 رۆژدا لە پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت و تێیدا سەرۆک و دوو جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵبژێردرێت، بەڵام وەکو کێشەی زۆر یاسای دیکە، ئەگەر ئەمە نەکرا جگە لەوەی پێشێلکاریی یاساییە، بەڵام هیچ سزا یان لێکەوتەیەکی نابێت."
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، خشتەی هەڵبژاردنی نێوخۆیی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەو پارێزگایانەی کۆبوونەوەی یەکەمیان کرد، بەمشێوەیە بوو:
 
بەسرە
پارێزگار: ئەسعەد عیدانی
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا: خەڵەف بەدران
 
کەربەلا
پارێزگار: نسەیف خەتابی
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا: قاسم یەساری
 
سەلاحەدین
پارێزگار: ئەحمەد جبووری
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا: عادل سومەیدەعی
 
نەجەف
پارێزگار: یوسف کەناوی
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا: حوسێن وحید عیساوی
 
نەینەوا
پارێزگار: عەبدولقادر دەخیل
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا: ئەحمەد حاسوود 
 
ئەنبار
پارێزگار: محەممەد نووری کەربوولی
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا: عومەر دەبووس
 
رۆژی 21ى کانوونى دووەم کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى پەسند کرد، کە رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی 2023 بەڕێوەچوو.
 
بەگوێرەى یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانى عێراق، دەبێت 15 رۆژ لە دوای پەسندکردنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکان، پارێزگارى شارەکە داواى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى نوێ بکات، ئەگەر نا لە رۆژى 16یەمیندا ئەنجوومەنەکە دەسەڵاتى ئەوەى هەیە بە سەرۆکایەتى بەتەمەنترین ئەندامى کۆببێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە