وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق: هەر هاووڵاتییەک رۆژانە 350 لیتر ئاو بەکاردەبات

05-02-2026
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق رایگەیاند، تێکڕای بەکاربردنی ئاو لەلایەن هەر هاووڵاتییەکەوە رۆژانە دەگاتە 350 لیتر؛ ئاماژە بەوەش دەکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان کار دەکەن بۆ یەکخستنی ئامارەکانی بەکاربردنی ئاو و پەیڕەوکردنی سیستمێکی نوێی پارە وەرگرتن.
 
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 05-02-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە گوێرەی خەمڵاندنەکان، تێکڕای بەکاربردنی ئاو لەلایەن هەر هاووڵاتیانەوە 350 لیترە لە رۆژێکدا، ئەم ژمارەیەش وەک بنەما بۆ دیزاینکردنی پڕۆژە نوێیەکانی ئاو بەکاردەهێنرێت."
 
ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی ستانداردی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر هاووڵاتییەک رۆژانە پێویستی بە 50 بۆ 100 لیتر ئاوە، بەو پێیەش هاووڵاتیانی عێراق رۆژانە نزیکەی 3.5 بۆ 7 هێندەی ستانداردی جیهانی ئاو بەکاردەهێنن.
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوە کرد کە تێکڕای بەکاربردنی ئاو لە ناوچە گوندنشینەکان کەمترە و دەگاتە 200 لیتر بۆ هەر کەسێک. گوتیشی: "ئاراستەیەک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوەوە هەیە بۆ یەکخستنی ئەم ئامارانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە رێگەی کۆبوونەوە و گفتوگۆی بەردەوامەوە دەبێت تاوەکو بگەینە ژمارەیەکی یەکگرتوو بۆ هەموو پڕۆژەکان."
 
نەبیل سەفار تیشکی خستە سەر هەوڵەکان بۆ رێکخستنەوەی داهاتی ئاو و رایگەیاند، ئێستا کار لەسەر شیکردنەوەی ئەنجامی ئەو تیمانە دەکرێت کە لە چوار پارێزگا کارەکانیان تەواو کردووە بۆ دیاریکردنی بڕی راستەقینەی بەکاربردن.
 
نەبیل سەفار گوتی، سیستم و پێوەرێکی نوێ بۆ پارە وەرگرتن لە هاووڵاتییان دادەنرێت، کە تێیدا بڕی پارەکە بەپێی ئاستی بەکاربردنی ئاو دەبێت، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو و پاراستنی سامانی ئاو لە وڵاتدا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق: لێپێچینەوە لەو لایەنانە بکرێت کە هێرشیان کردە سەر بارەگای هەواڵگری

سەرۆکایەتیی کۆمارى عێراق داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکات لێپێچینەوە لە بکەرانی ئەو هێرشە بکەن، کە کرایەسەر بارەگایەکی دەزگای هەواڵگریی عێراق لە بەغدا، حیزبی دەعوەش داوا دەکات لێکۆڵینەوەیەکی شەفافانە لەو هێرشە بکرێت و ئەنجامەکەی بۆ هاووڵاتییان ئاشکرا بکرێت