ئەنجوومەنی سوننەکان بەبێ عەزم کۆبوونەوە و رژدن لەسەر دژایەتیی بەربژێریکردنى مالیکى

05-02-2026
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان بەبێ بەشداریی هاوپەیمانیی عەزم کۆبووەوە؛ جەختیان لەسەر نێوەڕۆکی نامەی پێشوویان بۆ هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردەوە کە تایبەت بوو بە قایل نەبوونیان بە بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران.
 
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ی شوباتی 2026، لە ماڵی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان لە بەغدا ئەنجامدرا.
 
ئەو ئەنجوومەنە لە راگەیێنراوێکدا ستایشی هەوڵەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کرد بۆ یەکڕیزیی نیشتمانی و بە گرنگی زانی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و کرانەوە بە رووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بکرێتە کارى لەپێشینە.
 
ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان جەختی لە ناوەڕۆکی ئەو نامەیە کردەوە کە پێشتر ئاراستەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکانى  کردبوو، نامەی پێشووی ئەنجوومەنەکە تایبەت بوو بەوەی کە بە بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ سەرۆکوەزیران و  پێکهێنانی حکومەت قایل نین، بەڵام هاوپەیمانیی عەزم بە سەرکردایەتیی موسەننا سامەڕائی بەشداری لەو هەڵێوستەدا نەکرد.
 
ئەو ئەنجوومەنە لە 23ی تشرینی دووەمى 2025 پێکهێنرا؛ پارتەکانی تەقەدووم و جەماوەری نیشتمانی، هاوپەیمانێتییەکانی سەروەری، عەزم و حەسم تێیدا ئەندامن، بەڵام کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان بەبێ بەشداریی هاوپەیمانیی عەزم بوو.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە هاوپەیمانیی عەزم بە رووداوی راگەیاند: بانگهێشتنامەی بەشدارییکردنیان لە کۆبوونەوەکە بۆ هاتووە، بەڵام ئامادە نەبوون بەشدار بن بەهۆی تێبینییان لەسەر بڕیاردان بە سازان لەناو ئەنجوومەنەکە و دژایەتیکردنی بەربژێرکردنی نووری مالیکی.
 
ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی رایگەیاند، ئەوەیان پەسند کردووە کە لەمەودوا بڕیارەکانیان بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامەکانى بدرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق: لێپێچینەوە لەو لایەنانە بکرێت کە هێرشیان کردە سەر بارەگای هەواڵگری

سەرۆکایەتیی کۆمارى عێراق داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکات لێپێچینەوە لە بکەرانی ئەو هێرشە بکەن، کە کرایەسەر بارەگایەکی دەزگای هەواڵگریی عێراق لە بەغدا، حیزبی دەعوەش داوا دەکات لێکۆڵینەوەیەکی شەفافانە لەو هێرشە بکرێت و ئەنجامەکەی بۆ هاووڵاتییان ئاشکرا بکرێت