عێراق
لە راستەوە بۆ چەپ: محەممەد فازڵ دلێمی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سەروەری، عەلی ساعدی و حوسام ساعدی، پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر
رووداو دیجیتاڵ
دوو پەرلەمانتاری رەوتی سەدری و پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی سەروەری لە ناحیەی راشدییەی باکووری بەغدا رووبەڕووی هەوڵێکی تیرۆرکردن بوونەوە، پارێزەرێکی نزیک لە پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانیی سەروەریی رایگەیاند: "هەوڵەکە شکستی هێناوە و سێ پەرلەمانتارەکە سەلامەتن".
هەوڵی تیرۆرکردنی (عەلی ساعدی، حوسام ساعدی) لە رەوتی سەدر و محەممەد فازڵ دڵیمی لە هاوپەیمانیی سەروەریی، نزیکەی کاژێر 12:30ی شەوی سێشەممە روویداوە.
دوای رووداوەکە، عەلی ساعدی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە رەوتی سەدری لە راگەیێنراوێکدا لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند: "گوللەکانی ستەم لە رێڕەوی چاکسازی کە سەماحەتی سەرکردە موقتەدا سەدر بۆ رزگارکردنی نیشتمان کێشاویەتی، لاماننادات".
قوتەیبە عەدنان، پارێزەری نزیک لە پەرلەمانتار محەممەد فازڵ دلێمی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سەرەوەری، کە بەشێکە لە هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر نزیکەی 12:30ی شەوی سێشەممە سێ پەرلەمانتاری رەوتی سەدری و هاوپەیمانیی سەرەوەریی بەمەبەستی بەشداریکردن لە پرسەیەک و دواتر سەردانیکردنی وێستگەی کارەبای قودس لە ناحیەی راشدییەی نزیک لە بەغدا، رووبەڕووی هەوڵێکی تیرۆرکردن بوونەوە، بەڵام هەر سێ پەرلەمانتارەکە و پاسەوان و شۆفێرەکانیان هیچ زیانیان پێنەگەیشتووە".
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، ئەو سێ پەرلەمانتارە لەلایەن کەسێکەوە تەقەیان لێکراوە، دوای رووداوکەش پەرلەمانتارەکان چوونەتە بنکەی پۆلیسی و سکاڵایان تۆمارکردووە. تەقەکەرەکە لەلایەن پەرلەمانتارەکان ناسراوەتەوە و کار بۆ دەستگیرکردنی دەکرێت.
ئەو رووداوەی تەقەکردنە، دوای ئەوە دێت هەفتەی رابردوو پارتی دیموکراتی کوردستان بارەگای لقی پێنجی تەختی زەوتی کرد، ئەویش بەهۆی نەبوونی هیچ لێپرسینەوەیەک لەو کەسانەی بۆ جاری دووەم هێرشیانکردە سەر بارەگاکەی لەبەغدا.
ماوەیەکە لایەنەکانی هاوپەیمانیی رزگاری نیشتمانی بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانیی سەرەوەریی رووبەڕووی هەراسانکردن و هێرش و تەقاندنەوەی بارەگانیان بوونەتەوە دوای ئەوەی لەدوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ رەوتی سەدر هاوپەیمانێتییەکیان دروستکرد.
دوای ماوەیەکی زۆر لە ناکۆکیی سیاسیی نێوان بەرەکانی براوەی هەڵبژاردن بەتایبەت هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان کە داوای حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەکات و چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە کار بۆ حکومەتی سازان دەکات و نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک، رۆژی چوارشەممە 23ـی ئاداری 2022، حەسەن عەزاری، سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی سەدری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بە ئامادەبوونی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری، رایگەیاند: "محەممەد جەعفەر سەدر، بەربژێری هاوپەیمانی رزگاریی نیشتمان ـە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و رێبەر ئەحمەدیش بەربژێری هاوپەیمانێتییەکەیە بۆ سەرۆککۆمار".
رۆژی پێنجشەممە 31ـى ئاداری 2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا ماوەى 40 رۆژى دایە چوارچێوەى هاوئاهەنگى کە بە "سێیەکى پەکخەر" ناویبردن بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێ بەبێ بەشداریى رەوتەکەى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ