رووداو دیجیتاڵ
عێراق رەتیدەکاتەوە هیچ رێوشوێنێکی نایاسایی بۆ پەکخستنی جووڵەی بازرگانیی نێودەوڵەتی بگیرێتەبەر و رایدەگەیێنێت، هەر جۆرە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی دەریایی، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئابووریی وڵات و نرخەکانی وزە و خۆراک لە جیهاندا دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، لوقمان فەیلی، نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا کردووە کە تایبەت بووە بە پرسی "پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی: ئاسایشی دەریایی".
لوقمان فەیلی لە گوتارێکدا جەختی لەو گرنگییە باڵایە کردەوە کە عێراق بە ئاسایشی دەریایی و ئازادیی گەشتی کەشتییەکانی دەدات. رایگەیاند، وڵاتەکەی پابەندی تەواوی خۆی نیشان دەدات بۆ مسۆگەرکردنی ئازادیی هاتووچۆ لە رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا، بەتایبەتی لە ناوچەی کەنداوی عەرەبی و تەنگەی هورمز، ئەوەش بەپێی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان (UNCLOS).
نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا و گوتی: "هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەم رێڕەوانە بە مەترسییەکی راستەوخۆ بۆ سەر سەقامگیریی ئابووریی عێراق دادەندرێت، چونکە تەنگەی هورمز رێڕەوی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی عێراق و رێگەی سەرەکیی بازرگانیی دەرەکیی وڵاتەکەیە."
عێراق داوای کاراکردنی میکانیزمەکانی دیالۆگ و هاوئاهەنگیی نێوان وڵاتانی کەناراوەکانی کەنداوی کرد. فەیلی روونیکردەوە کە تێکچوونی ئاسایشی دەریایی تەنیا زیان بە ناوچەکە ناگەیێنێت، بەڵکو کاریگەریی نەرێنی لەسەر زنجیرەی دابینکردنی جیهانی دەبێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە و خۆراک لەسەر ئاستی جیهان.
دوای جەنگی 40 رۆژە، تەنگەی هورمز بووەتە چەقی ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنتن. داخرانی تەنگەکە لە لایەن ئێرانەوە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بە بنبەستگەیشتنی دانوستاندنەکانی نێوان هەردوو وڵات دادەندرێت.
ئێران سوورە لەسەر هەڵوێستەکەی و دەڵێت، تاوەکو گەماڕۆی دەریایی ئەمریکا لە دژی وڵاتەکەی بەردەوام بێت، ئامادە نییە بۆ هیچ جۆرە دانوستاندنێک لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دابنیشێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ