چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوو لیژنە پێکدەهێنێت و عەلی زەیدی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دوو لیژنە پێکدەهێنێت، یەکێکیان بۆ داڕشتنی بەرنامەی حکومەت و ئەوی دیکەیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکان. بڕیارە عەلی زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆببێتەوە.
 
د. سەعد سعدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی سادیقونی باڵی سیاسی عەسائیب ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی و د. ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری، رۆژی پێنجشەممە 30ی نیسانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، چوارچێوە هاوئاهەنگیی هاوکاری عەلی زەیدی دەکات لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت، لەو چوارچێوەیەدا دوو لیژنەی پێکهێناوە، یەکێکیان بۆ نووسین و داڕشتنی بەرنامەی حکومەتی نوێی عێراق، ئەوەی  دیکەیان بۆ دیاریکردنی وەزیرەکان و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان.
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی سادیقون گوتی: "دوای گەڵاڵە و تەواوکردنی، بەرنامەی حکومەتی نوێی عێراق دەخرێتە بەردەم هاوبەشە سیاسییەکانی دیکە بۆ ئەوەی بۆچوونی خۆیان لەسەر بدەن". 
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 28ـی نیسانی 2026، عەلی فالح زەیدی بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتی نوێ راسپێردرا و 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی. 
 
لەبارەی بەشداری پارتی دیموکراتی کوردستان لە کابینەی نوێی وەزارەیی، د. سەعد سعدی، رایگەیاند، پارتی پێشوازی و پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی کردووە،  رۆژانی داهاتوو عەلی زەیدی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە.
 
سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکان، ئەو سەرکردەی سادیقون، گوتی، هێشتا یەکلانەبووەتەوە و گفتوگۆکان بەردەوامە، بەڵام گەشبینە بەوەی کابینەکە پێش وادەی دیاریکراوی دەستوور تەواو ببێت، بخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ ئەوەی پەسند بکرێت.
 
هەرلەوبارەوە، حەسەن فەدعەم جەنابی، بەرپرسی کاروباری دەوڵەت لە رەوتی حیکمەی نیشتمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گفتوگۆی بەرایی بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستیپێکردووە، وێنەکە لە دوو هەفتەی داهاتوودا زیاتر روون دەبێتەوە. چوارچێوەی هاوئاهەنگیی لیژنەی بۆ نووسینەوەی بەرنامەی حکومەیی پێکهێناوە، پێویستە بەرنامەیەک بێت، توانای جێبەجێکردنی هەبێت، پلانی هەنووکەیی و مامناوەند و درێژخایەنیی لەخۆگرتبێت.
 
بەرپرسی کاروباری دەوڵەت لە رەوتی حیکمە ئاماژەی بەوەکرد، پارتی دیموکراتی کوردستان، هێزێکی سەرەکی و گرنگی پرۆسەی سیاسییە، هەوڵدەدرێت بەشداری حکومەتی نوێی عێراق بکات، بەڵام دوایین جاریش بڕیار لای خۆیەوە، کە بەشداری حکومەت دەکات یان نا.
 
حەسەن فەدعەم جەنابی،  پێیوایە،کابینەی نوێی وەزاریی نزیکەی 25 وەزارەت لەخۆدەگرێت، پشکی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی 13 بۆ 14 وەزارەت دەبێت، هێشتا روون نییە وەزارەتەکان چۆن دابەش دەکرێت و دەکەوێتە سەر گفتوگۆی لایەنەکان.
 
د.موئەیەد ئەزیرجاوی، ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عەلی زەیدی بەڵێنیداوە پێش وادەی 30 رۆژەکە کابینەکەی تەواوبکات، گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیی دەستپێکردەوە، هەروەها بڕيارە بەم نزیکانە سەردانی هەولێر و سلێمانی بکات و لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشیمانی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
 
ئەندامەکەی دەوڵەتی یاسا، پێیوایە کابینەکە لە 22 وەزارەت پێکدێت، دابەشکردنی پۆستە وەزارەتەکان بەگوێرەی شایستەی هەڵبژاردن دەبێت، بە ئەگەر زۆر پۆستی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەر لای کورد دەێنێتەوە، ئەگەر هیچ لایەنێکی سیاسی پێداگیری لەسەر وەزارەتی دەرەوە نەکات.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عەلی زەیدی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە لەبارەی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی وادەی سەردانەکە دیاری نەکراوە. 
 
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، تاوەکو ئێستا حیزبەکەی بەردەوامە لە بایکۆتکردن، بەشداریکردنیان لە حکومەتی داهاتوو، دەکەوێتە سەر ئەنجامی گفتوگۆ و دانوستاندنەکان.
 
عەلی فالح زەیدی، رۆژی چوارشەممە 29ی نیسانی 2026 بە جیا لەگەڵ سەرۆک و کەسی یەکەمی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئەساس، تەسمیم، ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، رەوتی حیکمە، رێکخراوی بەدر و عەسائیبی ئەهلی حەق-ی شیعەکان، هەروەها هاوپەیمانیی عەزم، هاوپەیمانیی حەسمی نیشتمانی و سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان لەبارەی پرسی پێکهێنانی حکومەت کۆبووەوە.
 
رۆژی سێشەممە 28-04-2026، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی تاوێ کرد. باسیان لە میکانیزمەکانی دیاریکردنی بەربژێری وەزارەتەکان کرد، بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتێکی "بەهێز و کارامە" کە بتوانێت بەسەر ئاڵنگارییەکاندا زاڵ بێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی چوارچێوەکە: "دووپات لە گرنگیی پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان کرایەوە، هەروەها پێویستە بڕیاری کۆتایی لە دیاریکردنی ئەندامانی تیمی وەزاری بۆ سەرۆکوەزیران جێبهێڵدرێت."
 
سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژەیان بەوەش کردووە، دەبێت پێوەرەکانی" دەستپاکی، لێهاتوویی و بەرپرسیارێتی نیشتمانی" بنەمای سەرەکی بن بۆ هەڵبژاردنی وەزیرەکان. هەروەها ته‌بایی و یەکگرتوویی تیمی حکومی داهاتوو، مەرجێکی سەرەکییە بۆ تێپەڕاندنی قۆناخە سەختەکان و بەدیهێنانی خواستەکانی خەڵکی عێراق.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە