10 ملیار دینار لە بانکێکى میسان دەبرێت

05-04-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
 بەدوو رێگە زیاتر لە 10 ملیار دینار لە بانکێکى پارێزگاى میسان دەبرێت، یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى بانکەکە و دوو فەرمانبەر دەستکیردەکرێن و فەرمانى دەستگیرکردنیش بۆ بەڕێوەبەرى بانکەکە و ژنە کارمەندێک دەردەکرێت. 
 
رۆژی 5ى نیسانى 2024، دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى لقى میسانى بانکى گەشەپێدانى نێودەوڵەتى و دوو فەرمانبەرى ئەو بانکە دەستگیرکراون کە خەزنەدار بوون، بەهۆی ئەوەى سێ ملیار و 385 ملیۆن دیناریان لە قاسەیەکى بانکەکە بردووە و  پارەکەیان رادەستى چەند کەسێکى نەناسراو کردووە، کە دوو ئۆتۆمبێلیان پێ بووە.
 
راکێشانى ئەو بڕە پارەیە بەبێ رەزامەندى بنکەى سەرەکى بانکەکە بووە لە بەغدا، بۆیە نوێنەرى یاسایی ئەو بانکە سکاڵاى یاسایی لە دژی ئەو کەسانە تۆمار کردووە.
 
دەستەى دەستپاکى رایگەیاندووە، ئەو سێ کەسە ئەو بڕە پارەیەیان بە هاوکارى و نەرمى نواندنى بەڕێوەبەرى لقى میسانى بانکى گەشەپێدانى نێودەوڵەتى بردووە.
 
هەر لەو بانکە بڕى شەش ملیار و 771 ملیۆن و 10 هەزار دینارى دیکە لەلایەن بەڕێوەبەرى ئەو لقەى بانکەکەوە براوە، ئەو کارەش بە هاوکارى ژنە فەرمانبەرێک بووە و پارەکە لە قاسەیەکى بانکەکە دەرهێندراوە. فەرمانى دەستگیرکردن بۆ هەردووکیان دەرکراوە.
 
سەرجەم ئەو کەسانەى کە دەستیان لە بردنى ئەو شەش ملیار دینارەدا هەبووە، بەگوێرە مادەى 315ى یاساى سزادانى عێراقى فەرمانى دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە، کە سزاکەى بەندکردنە، بەبێ ئەوەى ماوەکەى دیاری کرابێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە