رووداو - دیجیتاڵ
گرووپی "ئەسحابولکەهف" کە خۆی وەک بەشێک لە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنێت، رایگەیاند، بە دوو درۆن هێرشیان کردووەتە سەر "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا" لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
رۆژی دووشەممە، 06-04-2026 گرووپی "ئەسحابولکەهف" لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە وەڵامی "کردنە ئامانجی دەروازەی سنووریی شەلامچە"، بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان.
ئەو گرووپە دەڵێت: "ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبن و روو لە زیادبوون دەکەن." هاوکات هۆشدارییان داوەتە هاووڵاتییانی مەدەنی، لەو شوێنانە دووربکەونەوە کە هێزەکانی ئەمریکای لێیە.
رۆژی 4-4-2026 هێرشکرایە سەر هۆڵی گەشتیاران لە دەروازەی شەلامچە، لە ئەنجامدا گەشتیارێکی عێراقی کوژرا و پێنج گەشتیاری دیکەش بریندار بوون.
بۆردوومانی دەروازەکە لەکاتێکدا بوو، کاروانێکی کۆمەک و هاوکارییەکانی پەیڕەوانی شیعە مەزهەب بۆ ئێران بەڕێوەبوو.
دەروازەی شەلامچە دەکەوێتە پارێزگای بەسرە، یەکێکە لە گرنگترین دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار هاتووچۆی پێدا دەکەن و ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا دەکرێت.
گرووپە چەکدارەکانی عێراق، کە خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن و لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، بانگەشەی ئەوەی دەکەن، لە 28ی شوباتەوە، کە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە، نزیکەی هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە.
ئەو گرووپانە بەرپرسیاریێتی زۆربەی ئەو هێرشانە لە ئەستۆ دەگرن، کە بە درۆن و مووشەک دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ