رووداو دیجیتاڵ
هۆشیار زێباری، هۆشداری لەبارەی مووچەی فەرمانبەران دەدات و دابەزینی نرخی نەوت بە کارەسات بۆ عێراق ناودەبات.
5ی ئایاری 2025، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پلاتفۆرمی ئێکسی خۆیدا هۆشداری دەدات و دەڵێت، "دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا هەواڵێکی کارەساتبارە بۆ ئابووریی عێراق و بەرنامەکانی حکومەت بۆ دابینکردنی بودجە بۆ وەزارەتەکان و پڕۆژەکان و پێدانی شایستە داراییەکانی بەڵێندەران، لە کاتێکدا کە وڵات لە وەرزی هەڵبژاردندایە، بەبێ نەبوونی سیاسەتێکی دارایی پتەو و خەمخۆرانە بۆ مسۆگەرکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی".
حکومەتى عێراق مانگانە پێویستى بە 7.5 تریلیۆن دینارە بۆ دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و ئەو کەسانەى هاوکاریى تۆڕى چاودێریى کۆمەڵایەتى دەیانگرێتەوە.
ئەنجوومەنى وەزیران لە کۆبوونەوەى 15ى نیسانى 2025 دەسەڵاتى بە وەزارەتی دارایی داوە بۆ راکێشانى پارەى سپاردەى دارایی، کە پێنج ساڵە دراون و بڕەکەى سێ تریلیۆن و 45 ملیار و حەوت ملیۆن و 500 هەزار و 252 دینار بووە، بۆ پارەدارکردن و مووچەى مانگى نیسان و مانگەکانى دواتر.
تەیف سامى لە هەڤپەیڤینێکدا رۆژی یەکشەممە 4ی ئایاری 2025 لەگەڵ میدیای فەرمیی عێراق رایگەیاند، راکێشانى پارەى سپاردەى دارایی رێوشوێنێکى سرووشتییە و پشتبەستووە بە بڕیارى ژمارە (294)ى ساڵى 2025ى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، بەوپێیەى ئەو بڕە پارەیە بەشێکە لە داهاتى کۆتایی گەنجینەى گشتى دەوڵەت.
سپاردەى دارایی، پارەى ئەو کۆمپانیا و سەرمایەدار و خاوەنکارانەیە، گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەت هەیە بۆ ئەوەى گەرەنتى ئەوە بکرێت ئەو بڕە پارەیە دەدەن، کە وەک باج لەسەریانە.
ئەو روونکردنەوەى تەیف سامى بۆ میدیاى فەرمى عێراق لە دواى ئەوە دێت، کە زانیارى لەبارەى راکێشانى پارەى سپاردەى دارایی بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى پارەى مووچەى مانگى نیسانى فەرمانبەران و خانەنشینان بڵاوبووەوە.
تەیف سامى رایگەیاند: پارەى سپاردەى دارایی لە هەژمارێکى بانکیى وەزارەتەکەیدایە لە بانکیی ناوەندى و ئەو پارەیە بە کاتى لەوێ دەبێت، تاوەکو رێوشوێنەکانى پاکتاوى باج دەکرێن بۆ ئەوەى بزانرێت ئەو بڕە پارەیەى لەو هەژمارە دانراوە یەکسانە بەو باجەى لەسەر باجدەرەکەیە، ئەگەر پارەکە زیاتر بوو دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو لایەنەى پارەکەى داناوە، ئەگەر یەکسانیش بوو ئەوان ئەو بڕە پارەیە وەک بەشێک لە داهاتى گەنجینەى دەوڵەت هەژمار دەکەن.
وەزیرى دارایی ئاماژەى بەوەدا، زۆرینەى ئەو کەسانەى کە باجیان لەسەرە سەردانى فەرمانگەکان ناکەن بە مەبەستى تەواوکردنى پاکتاوى ئەو پارەیەى وەک باج لە ئەستۆیاندایە ئەوەش بەئامانجى خۆدزینەوە لە باج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ