نەرمین مەعرووف: کورتهێنانی بودجە کاریگەری لەسەر دابەشکردنی مووچە نییە

05-05-2025
پەیمان محەممەد
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت کاریگەری لەسەر کۆی داهات و بودجەی حکومەت دەبێت. گوتیشی، "تائێستا کورتهێنانی بودجە کاریگەری لەسەر دابەشکردنی مووچە نەبووە."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 05-05-2025، نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی راکێشانى پارەى سپاردەى دارایی باج بۆ مووچە رایگەیاند، ''بەپێی یاسای باجەکان کە لە عێراق بەرکارە، حکومەت بۆی هەیە ئەو پارەیە رابکێشێت و بەکاریبهێنێت، بەڵام هەرکات بیانەوێت، خاوەنەکانیان مافی وەرگرتنەوەی پارەکانیان هەیە.''
 
نەرمین مەعرووف گوتی: ''حکومەت ئامادەیە هەر کاتێک پارەکە بگەڕێنێتەوە بۆ کۆمپانیا و بازرگانان، بەڵام پارەی ئەم سپاردەی باجانە دەبێتە داهاتی حکومەت، چونکە بەڵێندەران، هاوردەکاران و ئەوانەی لەگەڵ حوکمەت مامەڵەیان هەیە، دەبێت باج بدەن.''
 
سپاردەى دارایی، پارەى ئەو کۆمپانیا و سەرمایەدار و خاوەنکارانەیە، گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەت هەیە بۆ ئەوەى گەرەنتى ئەوە بکرێت ئەو بڕە پارەیە دەدەن، کە وەک باج لەسەریانە.
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ''لە کۆتایی ساڵدا و کاتێک پاکتاوی دارایی دەکرێت، زۆربەی کات بازرگانان و کۆمپانیاکان دەبێت پارەی زیاتریش بدەن بە حکومەت، واتا ئەو پارەیە ناگەڕێتەوە و ئەوانن کە بە حکومەت قەرزدار دەبن.''
 
تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەنجوومەنى وەزیران لە کۆبوونەوەى 15ى نیسانى 2025 دەسەڵاتى پێداوە بۆ راکێشانى پارەى سپاردەى دارایی کە پێنج ساڵە دراون و بڕەکەى سێ تریلیۆن و 45 ملیار و حەوت ملیۆن و 500 هەزار و 252 دینار بووە، بۆ پارەدارکردن و مووچەى مانگى نیسان و مانگەکانى دواتر.
 
نەرمین مەعرووف گوتی: ''ئەم پارانە بەپێی یاسا، تاوەکو پێنج ساڵ وەکو بارمتە لەلای حکومەت دەمێننەوە و پارێزراون، دوای ئەو ماوەیەش ئەگەر خاوەن کۆمپانیاکان و بەڵێندەران نەچوونەوە بۆ وەرگرتنەوەی پارەکان، دەبنە داهاتێکی کۆتایی بۆ گەنجینە.''
 
ئەو روونکردنەوەى تەیف سامى بۆ میدیاى فەرمى عێراق لە دواى ئەوە دێت کە زانیارى لەبارەى راکێشانى پارەى سپاردەى دارایی بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى پارەى مووچەى مانگى نیسانى فەرمانبەران و خانەنشینان بڵاوبووەوە.
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی: ''تێبینی کراوە زۆربەی کات خاوەن کۆمپانیاکان ناچنەوە بۆ ئەم پارەیە، چونکە کە ئەگەر بچنەوە، دەبێت پارەی زیاتریش بدەنە حکومەت، بۆیە وازی لێدێنن و وەریناگرنەوە. حکومەتیش بە گرنگی زانیوە وەکو چارەسەرێک بۆ ئەو کورتهێنانە کاتییەی کە لە کاشدا دروست بووە. سوود لەو بڕە پارەیە وەربگرێت، بۆ دابەشکردنی مووچە.''
 
حکومەتى عێراق مانگانە پێویستى بە 7.5 تریلیۆن دینارە بۆ دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و ئەو کەسانەى هاوکاریى تۆڕى چاودێریى کۆمەڵایەتى دەیانگرێتەوە. 
 
''گۆڕینەوەی دۆلار هۆکاری کورتهێانی بودجەیە''
 
نەرمین مەعرووف گۆڕینەوەی دۆلاری فرۆشتنی نەوت بە هۆکاری کورتهێنانی داهاتی گشتی و بودجە دەزانێت و گوتی، ''90٪ـی بودجەی گشتی پشتی بە فرۆشتنی نەوتی خاو بەستووە کە بە دۆلار دەفرۆشرێت، دواتر ئەو دۆلارە قۆناخ بە قۆناخ لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا وەردەگیرێتەوە و لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دەکرێتە دینار.''
 
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، گۆڕینەوەی دۆلاری فرۆشتنی نەوت بە دوو رێگە دەکرێت، ''لە رێگەی چاپکردنی پارە و فرۆشتنی دۆلار بە بازرگانان و هاوردەکاران.''
 
وەک نەرمین مەعرووف دەڵێت، وردبینیی زیاتری بانکی فیدراڵیی ئەمریکا لەسەر فرۆشتنی دۆلار و حەواڵەکردن، پڕۆسەی گۆڕینەوەی دۆلاری خاو کردووەتەوە، ''بەڵام لە هەمانکاتدا خەرجییەکانی حکومەت بەردەوام لە زیادبوونن. بۆیە ئەو بڕە پارەیەی کە حکومەت دەیکاتە دینار، کەمترە لە خەرجیی رۆژانە و مانگانە و دەبێتە هۆی کورتهێنانی بودجە.''
 
''دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری لەسەر داهاتی حکومەت هەیە''
 
بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە، جەنگی ئابووریی نێوان ئەمریکا، چین و وڵاتان، پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت دابەزێت.
 
 ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد، ''کاریگەریی دابەزینی نرخی نەوت هێشتا لەسەر کۆی داهات دەرنەکەوتووە، بەڵام ئەگەر جەنگە بازرگانییەکان و دابەزینی نرخی نەوتی خاو بەردەوام بێت، ئەوە کاریگەری دەبێت لەسەر کۆی داهاتەکانی ساڵی 2025ـی حکومەتی فیدراڵی، چونکە 90٪ـی داهات و بودجە پشت بە نەوتی خاو دەبەستێت.''
 
نەرمین مەعرووف لەبارەی گرێبەستەکانی فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق گوتی: ''بەشی زۆری بازرگانیی نەوتی عێراق لەگەڵ چین و هیندستانە، واتا دوو لەسەر سێی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەم دوو وڵاتەیە.''
 
دانانی پێناسی گومرکی لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا و پاشان هەڵپەساردن و بەخشینی بەشێک لە پێناسەکان، قورسایی و ناڕوونییان لەسەر ئابووریی جیهانی دروستکردووە. ئەوەش بە شێوازی نەرێنی کاریگەری کردووەتە سەر نرخی نەوت و بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
 
بەگوتەی نەرمین مەعرووف، عێراق بۆ فرۆشتنی نەوت، لەگەڵ وڵاتانی چین و هیندستان گرێبەستی پێشوەختەی هەیە، ''واتا ئەو نرخەی کە تائێستا نەوتەکەی پێ فرۆشراوە، نرخی پێشوو بووە، دەتوانین بڵێین لە مانگی پێنجەوە بە نرخی نوێ دەفرۆشرێت.''
 
''کورتهێنانی بودجە کاریگەری لەسەر دابەشکردنی مووچە نییە'' 
 
ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وەڵامی پرسیارێکی زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لەبارەی کاریگەرییەکانی کورتهێنانی بودجە لەسەر دابەشکردنی مووچە دایەوە و گوتی، ''تائێستا ئەو کاریگەرییەی نەبووە کە حکومەت نەتوانێت مووچە دابەش بکات.''
 
نەرمین مەعروف گوتیشی: ''بەکارهێنانی سپاردەی باج [بۆ دابینکردنی مووچە] بۆ ئەوەیە حکومەت نەگاتە ئەو ئاستەی کە نەتوانێت مووچە دابەش بکات، بۆیە ئێستا هیچ مەترسییەکی لەو شێوەیە نییە، بەڵام بۆ مانگەکانی داهاتوو کە ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت هەیە، [دۆخەکە] پێشبینی ناکرێت و پێویستە رێکاری دیکە بگیرێتەبەر."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە