زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتنێک لەبارەی وەرگرتنی خوێندکاران واژۆ دەکەن

05-05-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق رایگەیاند، رێککەوتنێکیان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان واژۆکردووە، کە تایبەتە بە وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆکانی هەردوولا. دەشڵێت، ئەم رێککەوتنە کاریگەری دەبێت لەسەر پێدانی ماف و شایستەکانی دەرچووان بەپێی یاساکانی حکومەتی فیدراڵی.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی ئایار، د. حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "ئەمڕۆ هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ رێکخستنی رێکارەکانی وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و بە پێچەوانەشەوە."
 
بە گوتەی د. حەیدەر عەبودی، "ئەم رێککەوتنە و وەرگرتنی قوتابیان بەپێی چوارچێوەی یاسایی پەسندکراو، کاریگەری دەبێت لەسەر پێدانی شایستەکانی دەرچووان لە ژێر رۆشنایی بڕیارە کارپێکراوەکانی حکومەتی فیدراڵیدا."
 
وەک گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق ئاماژەی پێدەکات، رێککەوتنەکە بریتییە لە تەرخانکردنی کورسیی خوێندن لە چوارچێوەی پرۆگرامەکانی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا بۆ هەردوو لا، لەوانەش پزیشکی، ئەندازیاری، زانستە مرۆییەکان و پسپۆڕییە تەکنیکییەکان، بەپێی ئەو رێسایانەی کە لەلایەن هەردوو حکومەتەوە پەسندکراون.
 
بەگوێرەی گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، رێکارەکانی داواکاری و پێشبڕکێ، لە ساڵی خوێندنی 2025/2026 دەستپێدەکات.
 
رێککەوتنەکە ئەمڕۆ لە هەولێر بە ئامادەبوونی د. حەیدەر عەبد، بریکاری وەزیری خوێندنی باڵای عێراق و ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و چەند بەرپرسێکی دیکەی حکومیی واژۆکرا.
 
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "کۆبوونەوەیەک لەگەڵ شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی عێراق لە هەولێر بەڕێوەچوو."
 
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا پرسە هاوبەشەکانی نێوان هەردولا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، هەروەها میکانیزم و چۆنیەتی وەرگرتنی قوتابیان و خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی عێراق و هەروەها قوتابیان و خوێندکارانی عێراق لە زانکۆکانی هەرێم تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە