رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکانی ئێزدی، فەیلی و سابیئەی مەندائی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، هەرچی لە توانادا بێت بۆ بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە پرۆسەی سیاسی و کارگێڕیی وڵاتدا دەیکەن.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەردەوامیی دیدارەکانیدا لە بەغدا، پێشوازی لە نوێنەرانی پێکهاتەکان کرد. بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی پێکهاتەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کراوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگیی مسۆگەرکردنی بەشداریی کارای پێکهاتەکان لە پرۆسەی سیاسی و بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانیان کرایەوە.
نێچیرڤان بارزانی، پشتیوانیی بەردەوامی خۆی بۆ مافی هەموو پێکهاتەکان دووپات کردەوە و رایگەیاند، بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا دەبێتە مایەی چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی و پرەنسیپەکانی دادپەروەری و یەکسانی.
لای خۆیانەوە، نوێنەرانی پێکهاتەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانی نێچیرڤان بارزانی لە ماف و شایستەکانیان دەربڕی و رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان لە پاراستنی پێکەوەژیان بەرز نرخاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ