بەنگین رێکانی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەشداربوو

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی عێراق لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەشداربوو. 
 
رۆژی سێشەممە، 05-05-2026، کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو و یەکێک لە وەزیرە بەشداربووەکانیش بەنگین رێکانی بوو. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بڕیار بووە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقیش بەشداریی کۆبوونەوەکە بکات، بەڵام بەهۆی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورستانەوە بۆ بەغدا، بەشدار نەبووە. 
 
بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە بەغدا.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یەکەم رۆژی سەردانەکەیدا لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ عەلی فالح زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق؛ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی؛ سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی سوننەکان؛ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کۆبووەوە.
 
ئەمڕۆش نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ پەرلەمانتارانی پێکهاتەی مەسیحی لە پەرلەمانی عێراق؛ ئیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق؛ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبى ئەهلى حەق؛ عەبدولحوسێن مووسەوی، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى (نه‌هج)ى نيشتمانى؛ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق؛ ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە و نوێنەرانی پێکهاتەکانی ئێزدی، فەیلی و سابیئەی مەندائی لە پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.
 
هەریەکە لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؛ فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ نووری عوسمان، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان یاوەری نێچیرڤان بارزانین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە