رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، فەرمانی کرد لە 24 کاژێردا ئۆتۆمبێلەکانی سەرایا سەلام، باڵی چەکداری رەوتەکەی رادەست بکرێن.
رۆژی سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەدر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، وەک جێبەجێکردنی فەرمانی رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە سەبارەت بە پێکهێنانی چەند لیژنەیەک بۆ گرتنەبەری رێکار بەرامبەر ئەندامان و فەرماندەکانی سەرایا سەلام، لیژنەی راسپێردراو دەستی بە کارەکانی کردووە و یەکێک لەوانەش سەرژمێریی ئۆتۆمبێلەکانی سەرایا سەلامە کە لیستێکی بە ژمارە و جۆری ئۆتۆمبێلەکان ئامادە کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لیژنەکە سەدری لە ئەنجامی وردبینییەکە ئاگادار کردووەتەوە و ئەویش لە پەراوێزەکەیدا نووسیویەتی: "دەبێ لە 24 کاژێردا رادەستی کۆگای گشتی بکرێن."
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەدر لیستی ناوی بەرپرسی فیرقەکان، لیواکان، فەوجەکان، هەواڵگری و ئاسایشی بینیوە و نووسیویەتی: "پێویستە ئامادەی وانەکان بن، ئەگەرنا دەستبەجێ دوور دەخرێنەوە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لیژنە راسپێردراوەکە نموونەی نووسراوێکی پیشانی سەدر داوە کە ئاراستەی فەرمانگەی گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە دەکرێ، بۆ ئەوەی زانیاری لەسەر موڵک و ماڵی چەند ناوێکی دیاریکراو وەربگرێ، لەوانە: ژمارەی زەوی، بڕی پارەی کڕین، مێژووی کڕین و بەهای گشتیی موڵکەکە.
موقتەدا سەدر لەوبارەیەوە نووسیویەتی: "داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین هاوکار بن و داواش لە لیژنەکان دەکەین بە تووندی کار بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ