نێچیرڤان بارزانی: گەشبینم بەوەی کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەبن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە بەغدا لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بەغدا قووڵایی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانە و هەوڵەکانیش بۆ یەکڕیزیی نێوان لایەنە کوردستانییەکان بەردەوامن.
 
لەبارەی پرسی یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە کورد رێگەیەک بۆ پێکەوەکارکردن بدۆزێتەوە و گوتیشی: "ئێمە کارمان لەسەر ئەوە کردووە کە ئەنجوومەنێکی سیاسی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێکبهێنین. ئەم بابەتە بەردەوام دەبێت و کاری لەسەر دەکرێ. هیوادارین لە ماوەی داهاتوودا لەسەر ئەم پرسە بگەینە خاڵێکی هاوبەش."
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ویستی لایەنە عێراقییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەشبینیی خۆی نیشان دا و رایگەیاند: "وەڵامی لایەنە عێراقییەکان زۆر باش بووە. ئێمە لەنێو عێراقدا دەژین و دەبێت کێشەکانمان لە بەغدا چارەسەر بکەین."
 
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "بەغدا پایتەختی ئێمەیە و قووڵایی ستراتیژیی ئێمەیە. ئەگەر پێشتریش نەمانتوانیبێت کێشەکان چارەسەر بکەین، دەبێت ئێستا بەردەوام بین بۆ ئەوەی چارەسەریان بکەین. من وەک خۆم گەشبینم کە دەتوانین ئەو کێشانە چارەسەر بکەین."
 
بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە بەغدا.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یەکەم رۆژی سەردانەکەیدا لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ عەلی فالح زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق؛ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی؛ سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی سوننەکان؛ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کۆبووەوە.
 
 
رۆژی دووشەممە عەلی فالح زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لێکتێگەیشتنی باش هەبوو لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و ئاسانکاری بۆ چارەسەرکردنیان دەکرێ. ئەو بابەتانەی ماون و پەیوەندیدارن، پشت بە خوا لەم حکومەتەدا یەکلایی دەکرێنەوە."
 
لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ باسی لەوە کرد: "هەموو کێشەکانی پەیوەست بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبن. ئەمە مووچەی خەڵک و مووچەی هاووڵاتییانە، دروست نییە دوابکەوێت."
 
 
ئەمڕۆش نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ پەرلەمانتارانی پێکهاتەی مەسیحی لە پەرلەمانی عێراق؛ ئیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق؛ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبى ئەهلى حەق؛ عەبدولحوسێن مووسەوی، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى (نه‌هج)ى نيشتمانى؛ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق؛ ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە و نوێنەرانی پێکهاتەکانی ئێزدی، فەیلی و سابیئەی مەندائی لە پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.
 
 
هەریەکە لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؛ فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ نووری عوسمان، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان یاوەری نێچیرڤان بارزانین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکانی ئێزدی، فەیلی و سابیئە

نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکانی ئێزدی، فەیلی و سابیئە کۆبووەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکانی ئێزدی، فەیلی و سابیئەی مەندائی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، هەرچی لە توانادا بێت بۆ بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە پرۆسەی سیاسی و کارگێڕیی وڵاتدا دەیکەن.