رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق رایدەگەیێنێت، بەهۆی کەمبوونەوەی گازی ئێرانەوە نزیکەی 5 هەزار مێگاوات کارەبای نیشتمانی کەمیکردووە.
ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، رۆژی سێشەممە 04-07-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆماری ئیسلامیی ئێران پێدانی گازی بە ناوچەی باشوور بە تەواوەتی بڕیوە؛ هەروەها گاز بۆ ناوچەکانی نێوەڕاست و بەغدای لە 45 ملیۆن مەتر سێجاوە بۆ 20 ملیۆن مەتر سێجا کەمکردووەتەوە، بێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکارەکەی بکات."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی، ئەو کارەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وایکردووە "نزیکەی 5 هەزار مێگاوات کارەبا لە سیستمی بەرهەمهێنانی کارەبا کەم بێتەوە؛ ئەوەش وایکردووە لە دوو رۆژی رابردوودا پێدانی کاژێرەکانی کارەبا کەم بێتەوە. بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ 20 هەزار مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە."
عێراق پێویستی بە نزیکەی 34-35 هەزار مێگاوات کارەبایە و پێش ئەم هەنگاوەی ئێران نزیکەی 25 هەزاری هەبوو.
لە بەغدا هەشت کاژێر بۆ 12 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە و کورتهێنانەکە لە رێگەی 13 هەزار موەلیدەوە پڕدەکرێتەوە کە دوو جۆرن؛ یەکێکیان 24 کاژێرییە و هەندێکجار نرخی ئەمپێرێک دەگاتە 25 دینار و ئەوەی دیکەیان تاوەکو 12 شەو کاردەکات و نرخی ئەمپێرێک دەگاتە 10 دینار.
وەزارەتی کارەباش یەکێکە لەو وەزارەتانەی کە زۆرترین بڕی بودجەی بۆ تەرخان دەکرێت بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە و دابینکردنی کارەبا بۆ هاووڵاتییان.
بەگوێرەی خشتەى دابەشکاریی بودجەى وەزارەتەکان لە یاساى بودجەى گشتیدا، پشکی وەزارەتى کارەبا 17 تریلیۆن و 723 ملیار و 775 ملیۆن و 915 هەزار دینارە کە 11 ترلیۆن و 610 ملیار دینارى بۆ بەکارخستنە و 6.1 تریلیۆن دینارى بۆ وەبەرهێنانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ