'بەردانەوەی بڕی زیاتری ئاوی دیجلە لە لایەن تورکیاوە دەستی پێکردووە'

05-07-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێت، 200 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا لە ئاوی رووباری دیجلە بەردراوەتەوە و چاوەڕوانن لە رۆژانی ئاییندەدا بڕەکە زیاتر بێت.
 
رۆژی 1ی ئەم مانگە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ئەنقەرە کۆبوونەوە.
 
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دوای گەیاندنی زانیاری لەبارەی کاریگەرییەکانی کەمئاوی لە عێراق، تورکیا بڕیاری دا 420 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا لە ئاوی رووباری دیجلە بەربداتەوە.
 
خالید شیمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئەمڕۆ شەممە 5ی تەممووز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەردانەوەی ئاوی دیجلە لەلایەن تورکیاوە دوای سەردانی شاندی عێراقی، پەیوەندیی تەلەفۆنیی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری تورکیا هات. سەرۆککۆماری تورکیا بەڵێنی دا ئاو بە رێژەی 420 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بەربداتەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتی، "بەردانەوەی ئاوی دیجلە لەلایەن تورکیاوە دەستیپێکردووە، بەڵام هێشتا بە روونی کاریگەرییەکەی دیار نییە، چونکە خێرایی ئاوەکە 50 بۆ 60 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا."
 
خالید شیمال گوتی، "ئێستا بڕی بەردانەوەکە نزیکەی 200 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا و بڕیارە لە رۆژانی ئاییندەدا بۆ 420 مەتر سێجا بەرزبکرێتەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم بڕە زیادەیەی بەردانەوەی ئاوی دیجلە بەکاردەهێنین بۆ زیادکردنی یەدەگی ئاو لە بەنداوەکانی موسڵ و حەدیسە، هەروەها بۆ ئەوەی ئاوی پێویستیش بگاتە پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی وڵات."
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتی، زیاتر لە 70٪ی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە دەرەوەی وڵاتەوەیە و "حکومەت هەمیشە لەسەر هێڵە و هاوئاهەنگە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بۆ ئەوەی بەشەئاوی خۆی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و پێویست وەربگرێت."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی رۆژی یەکی ئەم مانگەی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، مەحموود مەشهەدانی داوای لە حکومەتی تورکیا کردووە ئاوی زیاتری رووبارەکانی دیجلە و فورات بەربداتەوە بۆ ئەوەی بە هەموو عێراق، بەتایبەتی ناوچەکانی باشوور بگات کە "بەدەست وشکەساڵییەوە دەناڵێنن."
 
بە گوتەی سائر جبووری، پەرلەمانتاری لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمانی عێراق، ئەو بەڵێنەی تورکیا تەنیا بۆ رووباری دیجلە بووە.
 
رووباری دیجلە لە باکووری کوردستان هەڵدەقوڵێت و دواتر بە چەند لقێک دێتە نێو باشووری کوردستان و عێراقەوە و دواجار دەڕژێتە نێو شەتولعەرەب.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە