رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆمەتی پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، سێ پارتی لە عێراق هەڵوەشاندەوە و بڕیاری دا بارەگاکانیان دابخرێن و دەست بەسەر داراییان دا بگیرێ.
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی 01-08-2024 بە سەرۆکایەتیی دادوەر حەسەن فوئاد و ئەندامیەتی هەردوو دادوەر جەلیل عەدنان خەلەف و رەمەزان حەسەن عەبید کۆبووەوە، لەسەر داوایەکی فەرمانگەی کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، تێیدا داوای هەڵوەشانەوەی ئەو سێ پارتە سیاسیەی کردبوو (پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدی، بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی، پارتی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان/ تەڤگەری ئازادی).
ئەوەش لەسەر بنەمای سکاڵای راوێژکاریەتی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بە نووسراوی ژمارە 1908 لە 13-03-2024دا "بەو تۆمەتەی ئەوانە پەیوەندییان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستانی قەدەخەکراوە هەیە، هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراقی".
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، وردبینیان لە دۆسیەکانی ئەو پارتانە کردووە، لەسەر بنەمای زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق و نووسراوی سەرۆکوەزیران سکرتێری تایبەتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە ژمارە 3028/2482601 لە 10-03-2024 کە زانیارییەکانیان لەسەر ئەو پارتانە پشتڕاست کردووەتەوە.
لە بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق هاتووە: "بە گوێرەی مادەی 25/ یەکەم و سێیەم لە یاسای پارتە سیاسییەکان ژمارە 36ی ساڵی 2015، نابێ پارتە سیاسییەکان پەیوەندیی رێکخراویی، یاخود داراییان لەگەڵ هیچ لایەنێکی ناعێراقیدا هەبێ، یان ئاراستەی چالاکی حیزبیان لەسەر بنەمای فەرمان، یاخود ئاراستەی هیچ دەوڵەتێک، یان لایەنێکی دەرەکی بێ، نابێ هاوکاری پارتێکی سیاسی بکات، کە دەوڵەت قەدەخەی کردووە، یاخود ئەو پارتە ئەجێندای وڵاتێکی دیکە جێبەجێ بکات، بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق".
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: "لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە و پاڵپشت بە مادەی (32/یەکەم/واو) لە یاسای پارتە سیاسییەکان ژمارە 36ی ساڵی 2015 دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشانەوەی هەریەک لەو پارتە سیاسییانە (پارتی ئازادی و دیموکراسیی ئێزدی، بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی، پارتی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان/ تەڤگەری ئازادی) و داخستی بارەگاکان و دەستبەرداگردنی داراییان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ