رووداو دیجیتاڵ
دواى زیاتر لە ساڵێک لە تاوتوێکردنى سکاڵایەک لە دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق، ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان یەکلاکرایەوە، کە تایبەت بوو بە رادەستکردنى پارەى بەشە خۆراکى 18 ساڵى هاونیشتیمانیان بە بەغدا.
5ى ئەیلوولى 2023، نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دادگەى باڵاى فیراڵى عێراق ئەو سکاڵایەى رەتکردەوە کە لە دژیان تۆمارکرابوو بۆ رادەستکردنى پارەى بەشە خۆراکى 18 ساڵى هاونیشتیمانیانى هەرێمى کوردستان بە بەغدا، لەنێوان ساڵانى 2004 بۆ 2021.
دانیشتنى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى عێراق بۆ بڕیاردان لەبارەى ئەو سکاڵایە، رۆژى دووشەممە، 4ى ئەیلوول بەڕێوەچووە، سکاڵاکە لەلایەن بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى گشتیى بازرگانیى خۆراکى حکومەتى فیدراڵیی عێراق دژى وەزیرى بازرگانیى هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە بۆ گەڕاندنەوەى پارەى نزیکەى 18 ساڵى بەشە خۆراکى مانگانە کە لە هاونیشتمانییانی هەرێمى کوردستانیان وەرگرتووە لە 1ى کانونى دووەمى 2004 تاوەکو 30ى ئەیلوولی 2021.
نەوزاد کامیل گوتیشى: "بەڵگەکانمان پێشکێشکرد کە دەیسەلمێنێت وەزارەتى بازرگانى عێراق لەساڵى 2004 ەوە پارەى بۆ بەڵێندەرەکانى گواستنەوەى بەشە خۆراکى مانگانەى هەرێمى کوردستان نەناردووە و لە پارەى پاشە خۆراک ئەو پارەیەمان دابینکردووە، بۆیە سکاڵاکە رەتکرایەوە".
سکاڵاکە لە مانگى ئایارى 2022 پێشکێش بە دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق کرابوو، چەندجارێک دانیشتن کرا و بڕیاردان دواخرا.
مانگانە لە رێگەى بریکارەکانى دابەشکردنى خۆراکەوە بۆ هەر ئەندامى خێزانێک بڕى 500 دیناری عێراقى وەردەگیرێت کە وەک جێگرەوەى پارەى کرێى گواستنەوە و هەڵگرتنى ئەو خۆراکانەیە کە وەزارەتى بازرگانیى هەرێمى کوردستان پێیوایە لە ئەستۆى هاوتاکەیدایە لە حکومەتى فیدراڵى عێراق.
لە 23ى تشرینى یەکەمى 2022، یاداشتێکى لێکتێگەیشتن لە نێوان کەمال موسلیم، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازیى هەرێمى کوردستان و عەلا جبوورى، وەزیرى ئەو کاتی بازرگانیی عێراق واژۆکرا بۆ ئەوەى پارەى بەشە خۆراکى مانگانەى هاونیشتمانییانی هەرێمى کوردستان بگەڕێندرێتەوە بۆ حکومەتى فیدراڵیی عێراق و لە بەرامبەردا وەزارەتى بازرگانیی عێراق تێچووى گواستنەوە و رادەستکردنى بەشە خۆراکى مانگانە بۆ هەرێمى کوردستان بگرێتە ئەستۆ.
بەگوێرەى یاداشتەکە، هەژمارى بانکى تایبەت بۆ رادەستکردنى ئەو بڕە پارەیە لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان دروستکراوە، بەڵام سکاڵاکە لەلایەن کۆمپانیاى گشتیى بازرگانى خۆراکى حکومەتى فیدراڵیی عێراق نەکشێندراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ